لاهور شێخ جەنگی و شاندێکى باڵای بەریتانیا کۆبوونەوە

کوردستان 02/12/2020

Alternate Text

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی و شاندێکى باڵای حکومەتى بەریتانیا کۆبوونەوە و تاوتوێی پرسەکانی پێشمەرگە و دۆخی سیاسی هەرێم و عێراقیان کردووە.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لە پەیجی خۆی بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، پێشوازیمان کرد لە وەفدێکی باڵای حکومەتی بەریتانیا کە پێکهاتبوو لە جەیمس هیپی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری هێزە چەکدارەکان و ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق وجەیمس سۆرنتۆن کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و وەفدێکی هاوڕێیان. لە دیدارێکدا گفتوگۆمان کرد دەربارەی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و گۆڕانکاریی و پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان".

ئەوەشی ڕاگەیاندووە، "سوپاسمان کردن کە وڵاتەکەیان ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە شەڕی داعش و هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕووی مەشق و ڕاهێنان و هاوکارییە سەربازییەکان، لە ئێستاشدا بەشداریی کارایان هەیە لە پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئامادەیی و پشتیوانیی تەواوی خۆمان دووپات کردەوە بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، ڕاشمانگەیاند کە دەبێت ئەو بابەتە یەکلایەنە نەبێت بەڵکو هەمووان هاوکار و پشتیوان بن و بنەمای یەکسانی لەبەرچاو بگیرێت.  ئاماژەمان بە بەردەوامی هەڕەشە و مەترسی شانە نوستووەکانی داعش کرد، لەو ڕووەشەوە گرنگی مانەوە و بەردەوامی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیمان لە عێراق بە پێویست زانی. "

هاوسەرۆکى یەکێتى ئەوەشی وتووە "جەختمانکردەوە لەسەر هاوئاهەنگیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار و دۆخێکی سەقامگیر بۆ ئەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو سەرکەوتوو بێت. باسمان لەو هەوڵانە کرد کە وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە سۆنگەی پەرۆشیمان و خزمەتکردنی میللەتەکەمان دەیخەینە گەڕ لە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی. لە بەشێکی تری دیدارەکەدا ئاماژەمان بۆ نوێبوونەوەی یەکێتیی کرد کە لە دوای ئەنجامدانی کۆنگرەی چوارەمەوە ئێستا یەکێتییەکی نوێ بە پلان و بەرنامەی نوێوە هەنگاو دەنێت و بە دید و ڕوانینێکی سەردەمیانە هەوڵ دەدات بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا