پۆلیسی هەرێم : تیمی تایبەت بە کافتریا و شوێنە گشتییەکان دادەنێین

کوردستان 02/12/2020

Alternate Text

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە،  بەهۆی زیادبوونى تاوان تیمی تایبەت بە کافتریا و شوێنە گشتییەکان دادەنێن.
لیوا تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند: " خەڵکی دڵنیا دەکەمەوە کە ئێمە وەکو پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان هیچ کەمتەرخەمیمان نەکردووە و بە بەردەوام کاری خۆمان دەکەین. بەتایبەتی ئەم دواییە هەوڵمان داوە کە ئەو تاوانانە نەمێنن."

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس دەشڵێت "وەک دەزانن هەولێر شارێکی گەورەیە و دەرگەی بە رووی ئاوارە و گەشتیاراندا کراوەیە و ئاوارەی زۆری تێدا دەژین. لە شاری وا گەورەیشدا رووداو زۆر دەبن." ئاماژەی بەوەش دا کە رووداوەکان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی و وڵاتانی دراوسێمان "زۆر کەمن."

لیوا تاریق ئەحمەد  ئەوەشی وتووە، هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی پارێزگاکان و بە تایبەت هی هەولێر ئاگادار کراونەتەوە کە بەرنامەیەکی رێکوپێکی تایبەت بە پۆلیسی فریاکەوتن دابڕێژن کە هاوئاهەنگییان لەگەڵ پۆلیسی نەهێشتنی تاواندا هەبێت.

ئاشکرای کردووە، کە بە گوێرەی ئەو بەرنامەیە مەفرەزەیان دەچێت بۆ ئەو شوێنانەی گەنجانیان تێدا کۆ دەبنەوە وەک کافتریا و شوێنە گشتییەکان تاوەکو بەردەوام چاودێرییان بکەن. هەرکەسێک چەک و چەقۆی پێبێت لێی وەردەگرن و رەوانەی دادگەی دەکەن و رێکاری یاسایی لە بەرامبەر دەگیردرێتە بەر.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا