ئەمڕۆ ئەنجومەنی هەڵبژێران دەنگی خۆیان دا و بە فەرمی جۆ بایدن وەکو سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا هەڵبژێردرا.
درەنگانی شەوی رابردوو بە کاتی هەرێمی کوردستان، پڕۆسەی دەنگدانی ئەنجومەنی هەڵبژێران لە ئەمریکا بەڕێوەچوو، سەرباری ئەوەی بایدن لە دەنگدانی جەماوەریدا زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا کە زیاتر بوو لە ٨١ ملیۆن دەنگ، بەڵام بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردەنەکاندا ئەوا پێویستی بە دەنگی ئەنجومەنی هەڵبژێران بوو و توانی لەو هەڵبژاردنەشدا سەربکەوێت.
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و کابینەی نوێی حکومەتی نوێی ئەمریکادا، هەر ویلایەتە و چەند کورسییەکی دیاریکراوی هەیە، هەرکام لە بەربژێرەکان زۆترین ژمارەی دەنگی هاوڵاتیان بەدەستبهێنن دەبێتە خاوەن کورسیەکان، هەر بەو پێیەش کورسییەکان لە ئەنجومەنی هەڵبژێران بەدەستدەهێنن، هەر بۆیە جۆ بایدن توانی لە ئەنجومەندا ٣٠٦ کورسی بەدەستبهێنێت لە کاتێکدا ٢٧٠ کورسی پێویستە بۆ سەرکەوتن.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو ئەگەر جۆ بایدن توانی دەنگی پێویست بەدەستهێنێت لە ئەنجومەندا ئەوا ئامادە دەبێت دەسەڵات رادەستی بایدن بکات، بەڵام دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان بە فەرمی و دیاریکردنی بایدن وەک سەرۆکی نوێ، هێشتا ترەمپ ئامادە نیە دەسەڵات رادەستبکات و هەڵبژاردنەکان بە گەندەڵترینی مێژووی ئەمریکا لە قەڵەمدەدا.