وەزیری کشتوکاڵی هەرێم رایدەگەیەنێت، پێکەوە کاری زیاتر دەکەین بۆ بەهێزتر کردنی بازاڕی خۆماڵی و هاندانی جوتیارانی خاوەن کارو پرۆژەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێم بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی ٢٠٢١ەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
هاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان، جوتیارانی ئازیزمان
بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی تازەیی زاینییەوە، بەپێویستی دەزانم لە ناخی دڵمەوە پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاراستە بکەم .
بەڕێزان وەکو هەموو لایەک ئاگادارن کە ساڵی 2020 لە جیهان و ناوچەکە بەگشتی و هەرێمەکەشمان بە تایبەتی ساڵێکی پڕ مەینەت و سەختبوو، بەهۆی دۆخی ئابوری و قەیرانەکان و بڵاوبونەوەی پەتایی کۆرۆنا .
سەرباری ئەم دۆخە نەخوازراوەش لە هەوڵەکانمان بەردەوام بووین بۆ دەرچوون لەو قۆناغە و بەرپرسیاریەتی زیاترمان لە ئەستۆ گرت.
ئومێدەوارین ساڵی نوێ، ساڵێکی پڕ خۆشی و ئاشتی و باشبوونی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بێت .
ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە هاوکاری هەموو لایەکتان بەجدی کاردەکەین بۆ بەجێگەیاندنی کارنامەکانی خزمەتکردنی کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو وەکو فەلسەفەی کاری لە پێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە ساڵی داهاتوو پێکەوە کاری زیاتر دەکەین بۆ بەهێزتر کردنی بازاڕی خۆماڵی و هاندانی جوتیارانی خاوەن کارو پرۆژەکان، لە پێناو سەرخستنی بەرهەمی جوتیاران و دەستی کاری خۆماڵی و هەناردەیی بەرهەمەکانی کشتوکاڵی بۆ ناوچەکانی دەوروبەر لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە.
جارێکی تر پیرۆز بێت هاتنی ساڵی تازەی زایینی لە هەموو لایەکتان
بێگەرد تاڵەبانی
وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو
٣١/١٢/٢٠٢٠