قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، نابێ رێگە بدەین ناكۆكییە سیاسی و حیزبی و دەستەگەرییەكانمان زاڵ بن بەسەر ئامانجە نەگۆڕەكانمان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣١ی کانونی یەکەم، قوباد
تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند: ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان
بە گشتی و تیمی دانووستانكار لەگەڵ بەغدا، درێغی ناكەین و لە كار و كۆشش بەردەوام
دەبین بۆ زاڵبوون بەسەریاندا.
ناوبراو راشیگەیاند، لە ماوەی رابردوودا لە بەغدا زۆر هەنگاو چووینە
پێشەوە، زۆر كاریترمان ماوە لەم دۆسیەدا تا بگەینە دابینكردنی شایستە داراییەكانی
خەڵكی كوردستان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانیتری نێوان هەرێم و حکومەتی
فیدرال، لە نێویاندا کۆتاییهێنان بە سەرهەڵدانەوەی تەعریب لە کەرکوک و هەموو ناوچە
جێناکۆکەکان، هەروەها بەدەستهێنانی مافی جوتیارانی کوردستان و یەکلاییکردنەوەی
چارەنووسی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی سیستمی بەرگری عیراقدا.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەبۆنەی
هاتنی ساڵی نوێی زانینییەوە پەیامێکی
پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و ئەمەش دەقەکەیەتی ...
كۆمەڵانی
خەڵكی كوردستان، پێکەوە ساڵێكی دژوار و سەختی دارایی و تەندروستیمان بەڕێكرد، وا
لە دەسپێكی ساڵێكی نوێداین؛ 2021، كە ئەویش كاریگەرە بە لێكەوتەكانی كۆرۆنا لەگەڵ
كێشە و گرێ و گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، نیوەی یەكەمی ساڵی نوێ
هەستیارییەكیتری لە هەناودایە كە وەرزی هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراو و بەرزبوونەوەی
تای كێبەركێ و ململانێی سیاسی و كەسی و تەنانەت تایفی و نەتەوەییەكانیشە لەسەر
ئاستێکی فراوان. ئەمە لەكاتێكدایە خەڵكی كوردستان و هەموو عێراق بە گشتی خۆیان
هیلاك و ماندووی دۆخی دارایی و ترس و دڵەڕاوكێی ئایندەی خۆیان و خێزانەكانیانن.
گەلی
ئێمە مێژوویەكی درێژ و یادەوەری تفت و تاڵی زۆری هەیە لەگەڵ قەیران. لە هەمان
كاتیشدا پێشینەی پشوودرێژی و ئازایەتییەکی بێوێنەی هەیە لە تێپەڕاندنی ناخۆشییەكان
و سەركەوتن بەسەر تەنگ و چەڵەمەكان. هەوێنی ئەم سەركەوتنانەشی بە پلەی یەكەم لە
یەكڕیزی و گیانی لە خۆبردوویی و هاوكاریكردنی یەكتردا بووە، بە تایبەت ئەو كاتانەی
یەخانگیری مەترسییەكان بووە. بۆ ئەم ساڵەشی كە دادێت لە هەموو كات زیاتر پێویستمان
بە ژیاندنەوەی ئەم گیانە هەیە لەسەر ئاستی تاك و كۆمەڵ. نابێ رێگە بدەین ناكۆكییە
سیاسی و حیزبی و دەستەگەرییەكانمان زاڵ بن بەسەر ئامانجە نەگۆڕەكانمان، لە پێش
هەموویەوە پاراستنی خەڵك و خاك و قەوارەی هەرێمی كوردستان لە هەر مەترسییەك كە
دەشێت لە هەر ئان و ساتێكدا سەرهەڵبدات.
هەوڵدان
بۆ تەبایی و دروستكردنی كۆدەنگی ئەرکی سەر شانی هەموومانە. پێویستە هەر کەس و
لایەنێک لای خۆیەوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا گەورەیی بنوێنێت و لە بەشێک لە
بەرژەوەندییە کەسیی و حیزبییەکان خۆش بێت. بۆ ئەم مەبەستەش هیوامان بە چاكەخواز و
خەمخۆرانی میللەتی خۆمان زۆرە و چاوەڕوانین هەر کەس و لایەنێک لەلایەن خۆیەوە
دەستپێشخەربێت و هەنگاو بنێت.
ئەوەشی
پەیوەندی بە روبەڕووبوونەوەی قەیرانەكانەوە هەیە، ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان
بە گشتی و تیمی دانووستانكار لەگەڵ بەغدا، درێغی ناكەین و لە كار و كۆشش بەردەوام
دەبین بۆ زاڵبوون بەسەریاندا. لە ماوەی رابردوودا لە بەغدا زۆر هەنگاو چووینە
پێشەوە، زۆر كاریترمان ماوە لەم دۆسیەدا تا بگەینە دابینكردنی شایستە داراییەكانی
خەڵكی كوردستان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانیتری نێوان هەرێم و حکومەتی
فیدرال، لە نێویاندا کۆتاییهێنان بە سەرهەڵدانەوەی تەعریب لە کەرکوک و هەموو ناوچە
جێناکۆکەکان، هەروەها بەدەستهێنانی مافی جوتیارانی کوردستان و یەکلاییکردنەوەی
چارەنووسی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی سیستمی بەرگری عیراقدا.
لە
هەمان کاتدا ئەرکی هێزە سیاسییەکانە کە هەوڵ بدەن فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە
بەغدا یەکگرتووتر بن لە پێناو خێراترکردنی چاکسازی و هەروەها لە پێناو
بەڕێوەبردنێکی باشتر و شایستەتر بۆ هەموو عیراقییەکان بە دانیشتوانی هەرێمی
کوردستانیشەوە. دەبێت بە کردار ئەو تێڕوانینە هەڵەیە بسڕینەوە کە حکومەت و
دەسەڵاتدارانی کوردستان تەنها هەرێمی کوردستانیان بەلاوە گرنگە و بەشەکانی تری
عیراق پشتگوێ دەخەن. کوردستانێکی بەهێز بە بەشدارییەکی کارا و بەهێز لە عیراقێکی
بەهێزدا دێتە دی. بەڵام کوردستان هەرگیز ناتوانێت ئەو کاریگەرییەی هەبێت ئەگەر لەناو
ماڵی خۆماندا تەبا نەبین. تەباییش بە سەپاندنی ئیرادەی زۆرینە نایەتە دی، و بە
پەیڕەوکردنی سیاسەت و رق و کینە لە دژی یەکتری دروست نابێت. تەبایی بە رێکەوتن
لەسەر خاڵە ستراتیژییەکان لە لایەکەوە و بە پەیڕەکردنی کێبەرکێیەکی سیاسی تەندروست
لەلایەکەیترەوە دروست دەبێت کە دوور بێت لە شکاندنی کەسایەتی یەکتر و دوور بێت لە
تەشهیر کردن بە رەمزەکانی یەکتر. مەترسییەکانی بەردەممان وادەخوازن کە دووربینانە
بیربکەینەوە و لە ئێستاوە بکەوینە کاری جدی.
سەرباری
لەمپەر و كەشی ئاڵۆز و قورسایی دانوستاندنەکانمان لەگەڵ بەغداد، گەشبینین و چاوەڕێ
دەکەین بە پەرەپێدانی هەوڵەكانمان لەماوەی داهاتوویەکی نزیکدا بەرەو دەستکەوتی
گەورە بۆ عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەت هەنگاو بنێین.
لەپاش
هەموو ناخۆشییەك نۆرەی خۆشییە و تونێلەكە چەندە درێژ و تاریک بووبێت، ڕووناكی لە
كۆتاییەكەیدا دیارە. هیوا و باوەڕی زاڵی ئێمەش ئەوەیە لەگەڵ 2020 دا ماڵئاوایی
بكەین لە ترسناكییەكانی بەشێكی زۆر لەو كێشە و قەیرانانەی ژیانیان لێ تێكداین، لە
پێش هەموویانەوە كۆرۆنا و بۆ قەیرانەكانی دیکەش باوەڕمان بەكار و پێداگریمان هەیە
لەسەر هەوڵی چارەسەركردنیان.
بە هیوای ساڵێكی خۆشتر و باشتر
بۆ هەموولایەك و هەموو ساڵێك هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن.