لە مێژووی دروستبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاکو
ئێستا، جگە لە ترەمپ هیچ سەرۆکێکی دیکە نەبووە پاش شکستهێنانی لە هەڵبژاردنەکان
رەتیبکاتەوە کۆشکی سپی جێبهێڵێت.
جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند،
دەنگدەران بڕیار لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەدەن نەک کاندیدەکان، دەزگای
خزمەتگوزاری نهێنی کە تایبەتە بە پاراستنی ئاسایشی سەرۆک دەتوانێت ترەمپ بخاتە
دەرەوی کۆشکی سپی، ئەگەر تاکو ٢٠ی کانونی دووەم پۆستەکەی جێنەهێڵێت.
پێشتریش لە دیمانەیەکی تەلڤزیۆنیدا جۆ بایدن سەرۆکی
هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لە ئەگەری رەتکردنەوەی ترەمپ بۆ جێهێشتنی
کۆشکی سپی، سوپا بەرپرس دەبێت لەوەی رێگری بکات لە مانەوەی ترەمپ لە پۆستەکەیدا،
دەبێت لە کۆشکی سپی دەریبکات.
داکۆتا رۆدسێل، شارەزای سیاسەت و یاسای ئاسایشی نەتەوەیی
لە زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆ رایگەیاند، پاش دۆڕانی سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکان، قۆرخکردنی دەسەڵات بۆ مانەوەی لە پۆستەکەی کارێکی قورسە، بەڵام دووریش نییە ئەو
کارە رووبدات.
ناوبراو هۆشداریشیدا لەوەی ئەو کارە زیانێکی گەورە بە
وڵات و پرێنسیپی دیموکراتی لە جیهان دەگەیەنێت.
هاوکات، راشیگەیاند،" سەربازانی سوپا هاوسۆز و پەیوەست
بە دەستور دەبن نەک بە سیاسییەکان لە دەسەڵات، ژنەڕاڵ مارک میڵی کە پلە باڵاترین
فەرماندەی سەربازییە لە وڵات، چەندین جار دووپاتیکردووەتەوە کە سوپا رۆڵ و
دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا ناکات.
کێشا بڵێن، چاودێری سیاسی ئەمریکی رایگەیاند،
رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە لایەن کاندیدێکی دۆڕاوەوە وڵات بەرەو
ئاقارێکی خراپ دەبات و رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی پشێویی ئاڵۆزی لە وڵاتەکە.
لە ئەنجامی بردنەوەی جۆ بایدن لە دوایین هەڵبژاردنەکانی
ئەمریکا و بە گوێرەی دەستوری ئەو وڵاتە، رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە ماوەی یاسایی
مانەوی ترەمپ لە کۆشکی سپی کۆتاییدێت و پێویستە سەرۆکی نوێ دەستبەکاربێت، بەڵام
ترەمپ چەندین جار رەتیکردووەتەوە دانبنێت بە شکستەکەی لە هەڵبژاردنەکان و ئاماژەی
بەوەکردووە کە ئامادە نییە کۆشکی سپی جێبهێڵێت.