بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی کەسێکی دەستگیرکرد کە بەهۆی قەرزارییەوە ویستوویەتی خاوەن قەرزەکەی بکوژێت و پارەکەی نەداتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٣ی کانونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، کەسێک دەستگیرکراوە کە ٢٠ هەزار دۆلار قەرزاری کەسێکی دیکە بووە و بۆ ئەوەی قەرزەکەی نەداتەوە، پلانی داناوە بیکوژێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، رۆژی ١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ رێگرییان لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە کردووە، دەسگیرکراوەکە ناوی (ی. ئ. ر) و بە رەچەڵەک کورد و لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٨یە و پیشەی کاسبە، ئەو هاوڵاتییەش کە کەسی یەکەم بەنیازبووە بیکوژێت ناوی (ئ. ح. ح)ـە و بڕی ٢٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی لەلای کەسی یەکەم بووە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، تۆمەتبارەکە دانی بەوەداناوە کە ویستویەتی خاوەن قەرزەکە بکوژێت بۆ ئەوەی قەرزەکەی نەداتەوە، بەوهۆیەوە بە پێی ماددەکانی ٤٠٦ و ٣١ لە یاسای سزادانی عێراق بەندکراوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر.