میدیای دەوڵەتی ئێران،
بە فەڕمی دەستپێکردنی چالاکی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ بە
رێژەی سەدا ٢٠ راگەیاند.
بە پێی هەواڵێک کە لە
ماڵپەڕی هەواڵی "dolat.ir"ی سەربە حکوومەتی ئێران بڵاوکراوەتەوە، لە ئێران بە فەڕمی
دەستکراوە بە کارەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی سەدا ٢٠.
لە هەواڵەکەدا
لێدوانێکی وتەبێژی حکوومەتی ئێران، عەلی رەبی بڵاوکراوەتەوە، کە دەڵێت: ''سەرکۆمار
حەسەن رۆحانی، لە رۆژانی رابردوودا فەرمانیدابوو بە جێبەجێکردنی یاسای چالاکی
ستراتیجی بۆ هەڵگرتنی سزاکان. پێش چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر دەستکرا بە گاز پێدان و
لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی داهاتوودا بەرهەمی یۆرانیۆمی پیتێندراوی UF6 دەستەبەر دەبێت''.
رەبی باسی لەوە کردووە،
کە ئەو کارە لە پاش زانیاریی دان بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئەنجامدراوە.
سەرۆکی دەزگای وزەی
ئەتۆمی ئێران، عەلی ئەکبەر ساڵحی، ئاماژەی بەوە کرد کە رۆژی هەیینی یەکی
کانوونی دووەم، بە پشت بەستن بە یاسای پەیوەندیدار ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی
ئەتۆمیان ئاگادارکردووەتەوە لە پیتاندنی سەدا ٢٠ی یۆرانیۆم.
ساڵحی پێشتر باسی لەوە
کردبوو، کە ئەگەر سەرکۆماری وڵاتەکەی رۆحانی فەرمان بدات لە کاتێکی نزیکدا
سەدا ٢٠ی یۆرانیۆم دەپیتێنن.
ئەو یاسایەی کە دوای
تیرۆرکردنی زانای ئێرانی، موحسین فەخریزادە برایە پەرلەمانی ئێران و پەسەند
کرا، دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران ناچار دەکات بە دەستپێکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بە
رێژەی سەدا ٢٠ و بەرزکردنەوەی ستۆکی یۆرانیۆمی پیتێندراو.
رێککەوتننامەی ئەتۆمیی،
رێگەی بە ئێران دابوو زۆرترین رێژە سەدا ٣،٦٧ یۆرانییۆم بپیتێنێت. بەڵام وەک
کاردانەوەیەک بەرامبەر سزاکانی ئەمریکا کە بەڵێنەکانی راگرت، ئێران ئاستی
یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی سەدا ٤،٥ رادەگرت.