بەشیر حەداد: هیچ گرەنتییەک نییە بۆ تێپەڕینی پرۆژەیاسای بوودجەی عێراق وەک خۆی

کوردستان 04/01/2021

Alternate Text

به‌شیر حه‌داد جێگری سەرۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لەدوای سەردانی بۆ وەزارەتی پیشمەرگەی هەرێمی کوردستان بۆیان رێکخرابوو، لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامه‌واناندا دەربارەی پرۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١ی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەکەدا دوا.

بەشیر حەداد لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند "حکومەت رێککەوتن لەگەڵ حکومەت دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ حکومەتی عێراق رێکەوتنی کردووە لەسەر بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەکەدا، رێککەوتنەکە درێژەپێدەری رێککەوتنە کۆنەکەیە و رێژەکەشی لە رەشنووسی بوودجەی ٢٠٢١ نووسراوە بەڵام کێشەکە لەوەدایە هەندێک لایەن کە نوێنەریان لەناو پەرلەمان هەیە کێشە درووست دەکەن بۆ هەردوو حکوومەت لەسەر ئەو رێککەوتنەی کردوویانە، کێشەکەی ئێمە لای حکوومەتی عێراق نییە بەڵکو لای هەندێک لایەنی سیاسییە".

راشیگەیاند "ئێمە وەک پەرلەمانی عێراق لە هەوڵداین گفتوگۆیەک درووست بکەین لەنێوان لایەنە جیاوازەکان بە کورد و عەرەبه‌وه‌، بۆئەوەی ئەو کیشانەی له‌نێوانیاندا هەیە نەمێنێت، چەندین جار ئێمە وەک سەرۆکایەتی پەرلەمان بانگهێشتی لایەنەکانمان کردووە بۆ ئەوەی رێکبکەون لەسەر شێوازێک تاوەکو بتوانین لەنێو پەرلەماندا ئەو یاسایانە تێپەڕێنین، ئێستاش ئومێد دەکرێت شاندێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستانەوە بچێتە بەغدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان زۆر بەروون و ئاشکرا گفتوگۆ بکەن و ئومێد هەیە ئەوەی کە لە پرۆژەیاسای بودجەدا هاتووە دوای ئەو لێکتێگەیشتەنە بەباشی تێپەڕێت".
جێگری سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، راشیگەیاند "ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین هەماهەنگی لەنێوان هەموو وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق دروست بکەین بۆئەوەی لەو رێگایەوه‌ بتوانین بە تەواوی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنین".

دەربارەی ئەوەی تاوەکو چەند گرەنتی هەیە ئەوەی لە پرۆژە یاسای بودجەدا نووسراوە تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان وەک خۆی جێبەجێبکرێت،بەشیر حەداد رایگەیاند "ئەمڕۆ عێراق لەبەر ئەوەی لەبارودۆخێکی ئەمنیی و سیاسیی و ئابووریی ناجێگیردایە ناتوانین بڵێین گرەنتی هەیە کە بابەتەکە وەک خۆی تێپەڕبێت، بەدڵنیاییەوە ئەم پرۆژەیەسایە له‌نێو پەرلەماندا گفتوگۆی زۆر قوڵ و زەحمەتیشی لەسەر دەکرێت بەڵام ئێمە وەک نوێنەرانی کورد هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین شان بە شانی گفتوگۆ سیاسییەکان کە لایەنە سیاسییەکان دەیکەن، ئەو پرۆژە یاسایە وەک خۆی تێپەڕێت".

له‌باره‌ی پابەندبوونی هەرێمی کوردستانیش بە رێککەوتنەکان لەگەڵ بەغدا، جێگری سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رایگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەمێکە و لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ەوە، وە لەسەرەتای کابینەی نۆیەمەوە بەفەرمی پابەندبوونی خۆی راگەیاندووە، ئەو شاندەش کە هاتە بەغدا بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، لای هه‌ریه‌ك له‌ حکوومەت لایەنە سیاسییەکان و لای پەرلەمانیش بە فەرمی دووپاتی ئەوەیان کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە پابەندی هەموو پابەندییەکانی خۆی بێت کە دەستوور لەسەری داناوە و لەبەرامبەریشدا حکوومەتی عێراق دەبێت پابەندی پابەندییەکانی خۆی بێت".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا