لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، عەلی حەمە ساڵح و ئەبوبەکر هەڵەدنی و بابان سیروان چەند روونکردنەوەیەکیان دا.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی کانوونی دووەم، دوای کۆتایی هاتنی دانیشتنی پەرلەمان و دەستنیشانکردنی کەمال ئەتروشی وەکو وەزیری نوێی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، پەرلەمانتاران عەلی حەمە ساڵح و ئەبوبەکر هەڵەدنی و بابان سیروان رایانگەیاند، چەند جارێک یاداشتمان بەرزکردووەتەوە بۆ سەرۆکایەی پەرلەمان لەبارەی چەند پرسێکی پەیوەست بە موچە، بەڵام سەرۆکایەتی رەتی دەکاتەوە یاداشتەکە بخاتە ناو کارنامەی پەرلەمان بۆ تاوتوێکردن لەسەری.
لە راگەیاندنەکەدا عەلی حەمە ساڵح روونیکردەوە کە یاداشتەکە لەبارەی چاکسازیە و داوا دەکەن سەرۆکی حکومەتی هەرێم بانگهێشتبکرێت بۆ پەرلەمان بۆ روونکردنەوەی ئەم پرسانە.
ئەوەشیان راگەیاند کە بابەتەکانی دۆسیەی نەوت، قاچاغی لە خاڵە سنوریەکان و سیستەمی باج لەگەڵ ئەوەی کە زۆرینەی بەندەکانی بەیاننامەی چاکسازی کە پەیڕەو نەکراون، لە یاداشتەکەدا هەن بەڵام سەرۆکی پەرلەمان پێی وتوون پێویست نییە حکومەتی هەرێم ئامادەی پەرلەمان بێت بۆ لێپرسینەوە لەسەر ئەو پرسانە.