چیرۆکە سێ مانگییەکەی ترەمپ بۆ پارێزگاری لە دەسەڵاتەکەی و شکستهێنانی

ڕاپۆرت 07/01/2021

Alternate Text

چۆن توانرا شکست بە هەوڵەکانی بهێندرێت؟


کاتێک هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ٣ی تشرینی دووەم بەڕێوە چوو، هەر لەو رۆژەدا ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکان راگەیاندرا و تا رادەیەک ئاشکرا بوو کە جۆ بایدنی رکابەری بە رێژەیەکی بەرچاو لەپێشڕەویدایە، ترەمپ لە یەکەم هەوڵیدا ویستی پڕۆسەی جیا کردنەوەی دەنگەکان لە چەند ویلایەتێکی سەرەکی رابوەستینێت، بەڵام شکستی هێنا.

دواتر هەر لە چەند رۆژی دوای هەڵبژاردنەکان، ترەمپ دوبارە هەوڵیدایەوە بۆ رەت کردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ئەم هەوڵەی لە رێگەی دادگا و پارێزەرەکان بوو کە دەیوت نابێت ئەو دەنگانە هەژمار بکرێن کە لە رێگەی پۆستەوە گەیەندراونەتە سەنتەرەکانی دەنگدان. بەڵام دادگا شکستی بەم هەوڵەش هێنا بەهۆی ئەوەی بەڵگە نەبوو کە ساختەکاری لەو دەنگانەدا کرابێت.

لە هەوڵی سێیەمیدا کەوتە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست لەبارەی ساختەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، کە لە ئەنجامدا سەرجەم توییتەکانی لە تۆڕی تویتەر بووە هۆی نیشانەکردن بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست.

دوای ئەوە، ترەمپ هەوڵیدا لە رێگەی ئەو ویلایەتانەی کە هەڵیانبژاردووە بگاتەوە بە کورسی دەسەڵات بۆ چوار ساڵی دیکە، لەم هەوڵەیدا هانی پارێزگاری ویلایەتەکانی دەدا بە تانە دان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ویلایەتەکانی پینسلڤەینیا و جۆرجیا بەڵام وەکو هەر جارێکی دیکە شکستی هێنایەوە.
ترەمپ ئەمجارە بە پلانێکی نوێوە گەڕایەوە، ئەویش بە داوا کردنی دووبارە جیاکردنەوەی دەنگەکان، کە هەوڵیدا لە ویلایەتی پینسلڤەینیا ئەنجام بدرێت، بەڵام داواکەی رەتکرایەوە، دواتر داوای کردەوە کە دەنگەکانی ویلایەتی جۆرجیا دوبارە جیابکرێنەوە، لەم هەوڵەیدا سەرکەوتوو بوو و ژمارەی دەنگەکانی نزیکەی ٣ هەزار کەمی کرد، بەڵام هەر بایدن زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا و لەو ویلایەتە لە پێش بوو.

 دواتر هەوڵی بەدەست هێنانی دەنگەکانی ویلایەتی ویسکۆنسنی دا، بەڵام کاتێک  دەنگەکانی ئەم ویلایەتە جیاکرانەوە ئەوا ژمارەی دەنگەکانی بایدن بە نزیکەی ٨٠ دەنگ زیادی کرد.

دواتر ئەنجامەکان بە فەرمی راگەیەندران و جۆ بایدن وەکو براوەی هەڵبژاردنەکان دیاری کرا، تا ئەم قۆناغە لە هەڵبژاردنەکان ترەمپ لەبەرامبەر بایدن شکستی هێنابوو، کە بایدن براوەی ٣٠٦ کورسی بوو کە لەبەرامبەردا تڕەمپ ٢٣٢ کورسی بەدەست هێنابوو.

دوا هەوڵی ترەمپ بۆ بەدەستهێنانی تەختی پاشایەتی لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ بوو، کاتێک هێندە لێدوانەکانی لەبارەی ساختەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بڵاوکردەوە بە رادەیەک لایەنگرانی رژانە سەر شەقامەکانی واشنتۆنی پایتەخت، وردە وردە دۆخەکە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ئاڵۆز بوو ئەویش کاتێک لایەنگرەکانی هەڵیان کوتایە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا، کە لەو کاتەدا کۆنگرێس بۆ یەکلاکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دانیشتنێکی ئەنجام دابوو، بەڵام بەهۆی هێرشی لایەنگرانی ترەمپەوە هۆڵی دانیشتنەکان چۆڵکرا و ئامادەبوانیش گوازرانەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو.

دواتر لە بەرەبەیانی ٧ی کانوونی دووەمدا، کاتێک بڵاوە بە خۆپیشاندەرەکان کرا دووبارە دانیشتنەکان دەستیان پێکردەوە، تڕەمپ لێرەدا هەوڵیدا لە رێگەی مایک پێنسی جێگری ئەنجامەی هەڵبژاردنەکان رەت بکرێتەوە، بەڵام پێنس لە وەڵامدا پێی وتبوو کە دەسەڵاتی ئەو فەرمانەم نییە و بوونی من لە دانیشتنەکەدا تەنها تەشریفاتییە، سەرلە نوێ ترەمپ لە وەڵامی پینسدا دەڵێت تۆ کەسێکی ترسنۆکی، تا دواتر چونە ناو کۆشکی سپی لی قەدەغە دەکات.
 لەگەڵ هەموو ئەو رووداوانەی کە روویاندا، لە کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیراندا، بەدەنگی ٢٨٢ ئەندام، بەرامبەر  ١٣٦ تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتەکانی جۆرجیا  و پێنسلڤانیا رەتکرایەوە و جۆو بایدن کاندیدی حیزبی دیموکراتەکان وەک٤٦ەمین سەرۆکی ئەمریکا پەسەندکرا  لە کۆتاییشدا ترەمپ رازی بوو لە ٢٠ی ئەم مانگە کۆشکی سپی جێبهێڵێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا