کاردانەوەکان لەبارەی سزادانی فالح فەیاز لەلایەن ئەمریکاوە فراوانبوون

عێراق 09/01/2021

Alternate Text

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند،" سەرسوڕمانی خۆمان لەبارەی بڕیاری سەپاندنی سزاکانی سەر فالح فەیاز لە لایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە دەردەبڕین ".
ئەمڕۆ شەممە، ٩ی کانوونی دووەم، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دووپاتیدەکەینەوە کە بڕیاری سەپاندنی سزا لەسەر فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی مایەی سەرسوڕمانە و جێی قبوڵکردن نییە، بە وردی بەدواداچوون لەگەڵ ئیدارەی ئێستا و نوێی واشنتۆن لەبارەی سەرجەم ئەو بڕیارانە دەکەین کە بەرامبەر چەند سەرکردەیەکی عێراقی دەرکراون و کار بۆ چارەسەرکردنیان دەکەین.
هاوکات، قاسم ئەعڕەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەویی عێراق رایگەیاند، بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی هەڵەیە و داوا لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەکەین ئەو هەڵەیەی چاک بکاتەوە.
لای خۆشیەوە ئەمڕۆ راگەیاندنی دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا پیرۆزبایی لە فالح فەیاز سەرۆکی حەشدی شەعبی کرد و تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، فەیاز چووەتە پاڵ خەڵكانی شەریفەوە، كە ئیدارەی ئەمریكا بەدوژمنیان دەزانێت.
شایەنی باسە، دوێنێ هەینی، ٨ی کانوونی دووەم، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تۆمەتی دەستێوەردانی لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردووەی عێراق و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، سزای بەسەر فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەویی عێراق سەپاند.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا