وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، تاکو ئێستا زیاتر لە هەزار کەس
ناویان بۆ سکاڵاکردن لە دژی سلێمان هەڵشۆیی تۆمارکردووە و تەنها ٥٠ کەسیان
لەلایەن پۆلیسەوە وتەیان لیوەرگیراوە.
ئەمڕۆ شەممە، ٩ی کانوونی دووەم، شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی
پۆلیسی راپەڕین بە BMC رایگەیاند، لە کۆی هەزار سکاڵاکەر لە دژی سلێمان هەڵشۆیی، تەنها وتە
لە ٥٠ کەسیان وەرگیراوە و لە ماوەی داهاتوودا پۆلیس وتە لەو کەسانەی دیکەش
وەردەگرێت.
ناوبراو راشیگەیاند، تاکو ئێستا ئەو تۆمەتبارە لە ژێر
لێکۆڵینەوەدایە و چاوەڕوان دەکرێت وتە لەسەرجەم ئەو کەسانە وەربگیرێت کە مامەڵەیان
لەگەڵکردووە و بەهۆیەوە زیانیان بەرکەوتووە، دواتریش دادگا بڕیاری کۆتایی لەبارەی
کەیسەکە دەدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، تاکو ئێستا دیار نییە بڕی ئەو پارەیەی
لە لایەن سلێمان هەڵشۆییەوە لە خەڵک وەگیراوە چەندە، چونکە ژمارەی سکاڵاکەرەکان
زۆرن و زۆربەشیان تاکو ئێستا وتەیان لێ وەرنەگیراوە.
شایەنی باسە، لە رۆژی ٢٠ی
کانوونی یەکەمی ٢٠١٩، سلێمان هەڵشۆیی بازرگانی دەڤەری
بیتوێن و پشدەر مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی بڕێکی زۆری پارە قەرزداری هاوڵاتیانی دەڤەرەکە بوو، لە لایەن پۆلیسی راپەڕینیەوە بە پێی ماددەی ٤٥٦ی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکرا.