پەرلەمانی عێراق لەبارەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە بودجەی ٢٠٢١ کۆدەبێتەوە

عێراق 11/01/2021

Alternate Text

بڕیارە کاتژمێر سێ دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و هەشت بابەت تاوتوێ بکات، گرنگترینیان خوێندنەوەی دووەمە بۆ پرۆژە بودجەی ٢٠٢١ی عێراقە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١١ی کانوونی دووەم، هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە BMC راگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر سێ دوانیوەڕۆ پەرلەمان لەبارەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە بودجەی ٢٠٢١ی عێراق کۆدەبێتەوە، دوای ئەم هەنگاوەش لیژنەی یاسایی تێبینییەکان لەسەر پرۆژەکە تاوتوێدەکەن و پێشبینی دەکرێت تاوەکو سێ هەفتەی دیکە پرسی ئەم بودجەیە یەکلایی بکرێتەوە.
ناوبراو راشیگەیاند، پرۆژە بودجەی ئەمساڵ تێبینی زۆری لەسەرە، چونکە بە ١٦٤ ترلیۆن دینار دیاریکراوە، لە کاتێکدا عێراق داهاتێکی کەم و کورتهێنانی زۆر لە بودجەکەدا هەیە.

لە پرۆژەکەدا خەرجییەکان بە ١٦٤ ترلیۆن دینار و داهاتەکانیش بە ٩٣ ترلیۆن دیاریکراوە، ٧١ ترلیۆنیش کورتهێنان لە بودجەکەدا دەبێت.
لەم خولەدا ٣٢٩ پەرلەمانتار هەیە و بە تەواوکردنی نیسابی یاسایی پێویستە ١٦٧ پەرلەمانتار ئامادەبێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا