لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەت
بۆ چاکسازی و زیادکردنی داهات، حکومەتی هەرێم ١١ بڕیاری نوێی لەبارەی رێکخستنەوەی
باجی دەرکرد، گرنگترینیان دانانی 20%ی باج لەسەر کۆمپانیاکانی
ئینتەرنێت و گەیاندنە.
بە گوێرەی نوسراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە کۆپییەکی دەستی BMC کەوتووە، حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە بە دانانی ٢٠٪ی باج لەسەر کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت و گەیاندن، لێبڕینی راستەوخۆی باجی دەرامەت
لەسەر کارمەندانی کەرتی تایبەت، پابەندکردنی کۆمپانیاکانی
سکیوریتی نەوت و گاز بە پێدانی باج، دیاریکردنی میکانیزمی گونجاو بۆ وەرگرتنی
باجی ئۆتۆمبێلی تایبەت، وەرگرتنی باج لە میوانخانە و چێشتخانەکانی چوار
ئەستێرە بەسەرەوە.
هاوکات، بڕیاردراوە بە وەرگرتنی
باجی شایستە لە بواری ریکلام لە کەرتەکانی گشتی و تایبەت و دانانی لێدانی ستیکەر لەسەر مەوادەکانی جگەرە و کحول و ماوەی دوو مانگیش بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە دیاریکراوە
کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێم رایگەیاند، بە مەبەستی جێبەجێکردنی چاکسازی و رێکخستنەوەی داهاتی نێوخۆیی، حکومەتی
هەرێم چەندین بڕیاری چارەنووسسازی داوە بۆ ئەوەی کۆمپانیا گەورەکان بێنە ژێر
بڕیاری دانی باج لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا و رێنماییەکان.
ناوبراو راشیگەیاند، بڕیارەکان دەربارەی جێبەجێکردنی باجە لەسەر کۆمپانیاکانی گەیاندن، ئینتەرنێت، نەوتی و تەواوی ئەو
کۆمپانیایانەی دیکە کە بەپێی یاسا و رێنماییەکان پێویستە باج بدەن.