نوێترین زانیاری لەبارەی کەیسی "منداڵە فڕێدراوەکە"ی کەرکوک

کوردستان 11/01/2021

Alternate Text

چەند رۆژی رابردوو لە کەرکوک هەواڵی فڕێدانی منداڵێک لەلایەن باوکییەوە لە میدیاکان بڵاوکرایەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوکیش دەڵێت، کەیسەکە بەوجۆرە نییە و منداڵەکە بە درۆ وای وتووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١١ی کانوونی دووەم، مازن غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک بە BMC راگەیاند، منداڵەکە رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە و لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە منداڵەکە بە درۆ وتوویەتی "لەبەر ئەوەی نەمتوانیوە ٢٥ هەزار دینار پەیدا بکەم، کەسوکارەکەم لە ماڵ دەریانکردووم".
ناوبراو راشیگەیاند، لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە باوکی ئەو منداڵە نەخۆشە و دایکیشی هەشت ساڵە بەجێیهێشتوون، دوو خوشکی بچوکی هەیە و کەسیان نییە بژێوی ژیانیان بۆ دابین بکات.
هاوکات، غالب عەلی، بەڕێوەبەری هۆبەی پۆلیسی خێزانی بە BMC راگەیاند، خێزانەکە خەڵکی شاری بەغدادن و لە ئێستاشدا ئاوارەی کەرکوک بوونە، خێزانێکی کەمدەرامەتن و پێویستیان بە هاوکاری مادییە، منداڵەکەش هیچ ئاسەوارێکی لێدان بە جەستەیەوە نەبووە .
دوو رۆژ بەر لە ئێستا منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵان بە ناوی کەڕاڕ کە لە نەتەوەی عەرەبە و دانیشتووی گەڕەکی پەنجا عەلی شاری کەرکوکە، لە لایەن مەفرەزەیەکی پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوکەوە دۆزرایەوە، دوای ئەوەی منداڵەکە بە پۆلیسی راگەیاندبوو کە"بەهۆی ئەوەی نەتوانیوە ٢٥ هەزار دینار لە رۆژێکدا پەیدا بکات، لە لایەن کەسوکارەکەیەوە فڕێدراوەتە سەر شەقامەکان"، بەڵام لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەرکەوتووە کە منداڵەکە بە درۆ وای وتووە.

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا