شێروان میرزا: پشکی پێشمەرگە لە پرۆژە بودجەی ئەمساڵی عێراق بە ٩١٢ ملیار دیاریکراوە

کوردستان 12/01/2021

Alternate Text

شێروان میرزا، پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاند، لە پرۆژە بودجەی ٢٠٢١ی عێراق پشکی هێزی پێشمەرگە بە ٩١٢ ملیار دینار دیاریکراوە و ئەولەوییەتی کارەکانمان مسۆگەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانە هەرێمە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٢ی کانوونی دووەم، شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە BMC راگەیاند، دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ئێمە گرنگە و پشکی هێزی پێشمەرگە لە پرۆژە بودجەی ٢٠٢١ بە ٩١٢ ملیار دینار دیاریکراوە، هەرچەندە تێبینی زۆرمان لەسەر پشکی هەرێم هەیە، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستا تێبپەڕێندرێت کێشەمان نابێت و ئەگەریش تێنەپەڕێندرا رێگەی دیکە دەگرینەبەر.
ناوبراو راشیگەیاند،" ئەمڕۆ و سبەییش خۆێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە بودجەی ئەمساڵی عێراق بەردەوام دەبێت و لیژنەی دارایی تێبینی زۆری لەسەر پرۆژەکە هەیە، چونکە خەرجیی و کورتهێنان تێیدا زۆرە و داهاتیش کەمە، ناهاوسەنگییەکی زۆریش لە دابەشکردنی داهاتەکاندا هەیە ".
شایەنی باسە، لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند لەسەر پرۆژە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق رێککەوتن، بە گوێرەی رێککەوتنەکەش دەبێت حکومەتی هەرێم لە بەرامبەر وەرگرتنی ١٢٪ی بودجەی عێراق، رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتە نانەوتییەکانی رادەستی بەغدا بکاتەوە، بەڵام پێویستە پەرلەمانی عێراقیش پرۆژە بودجەکە پەسەند بکات.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا