بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ جەیمس سۆرنتۆن، کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێم رایگەیاند، لای یەکێتی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک لەپێش ھەموو پرسەکانەوەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی لە دەباشان جەیمس سۆرنتۆن، کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێم کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پەنابردن بۆ زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەنێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەت لەنێوان ھێزە سیاسییە کوردیی و عێراقییەکان.
بافڵ تاڵەبانی جەختی لە ھەماھەنگی و ھاریکاری ھەموو لایەک کردەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و دۆزینەوەی چارەسەرێک کە مافە دارایی و نەتەوەییەکانی کوردی تێداپارێزراوبێت و خەڵک نەکرێتە قوربانی ململانێ سیاسییەکان.
راشیگەیاند، لای یەکێتی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک لەپێش ھەموو پرسەکانەوەیە و بۆئەوەش بەردەوام لەگفتوگۆداین لەگەڵ دۆستەکانمان تاوەکو ئەم پرسە بە ویستی ھەموولایەک یەکلابکەینەوە.