ژمارەی دانیشتوانی عێراق ٤٠ ملیۆن کەسی تێپەڕاند

عێراق 12/01/2021

Alternate Text

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە ٤٠ ملیۆن کەس و ماوەی سێ ساڵە رێژەی گەشەسەندنی دانیشتوانی وڵاتەکە جێگیربووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٢ی کانوونی دووەم، عەبدولزەهرە ئەلهنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، بە پێی خەمڵاندنەکانمان لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتە ٤٠ ملیۆن و ١٥٠ هەزار کەس، بەجۆرێک ڕێژەی ڕەگەزی نێر ٥٠.٥% بووە و ڕێژەی ڕەگەزی مێش ٤٩.٥%بووە.  
ئاماژەی بەوەشکرد، بەراورد بە ساڵانی رابردوو رێژەی گەشەسەندنی ژمارەی دانیشتوانی عێراق کەمیکردووە، لەم سێ ساڵەی دواییدا رێژەیەکە ٢.٥٪ تا ٢.٦٪ بووە، لە کاتێکدا ساڵانی پێشووتر رێژەی گەشەسەندنی دانیشتوان ٣.٣٪ بوو.
ئەوەشیخستەڕوو، ساڵانە ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە نێوان ٨٥٠ هەزار کەس بۆ یەک ملیۆن کەس زیاد دەکات، بەوەش پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی دانیشتوانی عێراق بگاتە ٥٠ ملیۆن کەس.
هەرچەندە وەزارەتی پلاندانانی عێراق هیچ ئاماژەیەکی بە ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان نەکردووە، بەڵام بە پێی ئەو ئامارە نافەرمییانەی پێشتر بڵاوکرابوونەوە، لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوانی هەرێم نزیکەی شەش ملیۆن کەس دەبێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا