چوار بژاردە لەبەردەم بەڕێوەچوونی پاڵەوانییەتی یۆرۆ ٢٠٢٠دایە

وەرزش 12/01/2021

Alternate Text

هەرچەندە بڕیاربوو ساڵی رابردوو باڵەوانییەتی یۆرۆ ٢٠٢٠ بەڕێوەبچووایە، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە ئەو پاڵەوانییەتییە بۆ ئەمساڵ دواخرا و تاوەکو مانگی ئادار چارەنووسی بە نادیاری دەمێنێتەوە.
ئاڵێکسەندەر چێفرێن، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا رایگەیاند، چوار بژاردە بۆ بەڕێوەچوونی پاڵەوانییەتی یۆرۆ ٢٠٢٠ لە ئارادیە، کە بۆ مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دواخراوە، لەوانەش، یان دەبێت پاڵەوانییەتییەکە بە ئاسایی بەڕێوەبچێت و یاریگاکان بڕ ببن لە هاندەران، یانیش لە نێوان ٥٠-١٠٠٪ هاندەران ئامادەبن، یان ٢٠-٣٠٪، یانیش یارییەکان بەبێ هاندەران بەڕێوەدەچن.
ناوبراو راشیگەیاند، داوا لەو وڵاتانە دەکەم کە میوانداری پاڵەوانییەتییەکە دەکەن دوو یان سێ پلان لەو بژاردانە پێشکەش بکەن و لە رۆژی ٥ی ئاداری ٢٠٢١ بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت.
جیاواز لەسەرجەم خولەکانی پێشوو کە پاڵەوانییەتییەکە لە یەک یان دوو وڵات بەڕێوەدەچوو، بڕیارە خولی ئەمجارەی یۆرۆ ٢٠٢٠ لە ١٢ وڵاتی ئەوروپی بەڕێوەبچێت، بە تایبەتیش لە شارەکانی گڵاسکۆ، دبڵن، بلباو، ئەمستردام، کۆبنهاگن، میونخ، رۆما، سانبترسبۆرگ، بۆخارست، بۆدابست و باکۆ.
هاوکات بڕیارە یارییەکانی خولی پێش کۆتایی و یاری کۆتایی لە یاریگای وێمبڵی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوەبچێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا