"تا هەفتەیەک خوێندکار سەرپشک دەبێت لەوەی لە ناو پۆل بخوێنێت یان بە خوێندنی ئەلیکترۆنی"

کوردستان 13/01/2021

Alternate Text

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، لە رۆژی شەممەی داهاتووەوە تا هەفتەیەک بەخێوکار سەرپشک دەبێت لەوەی خوێندکارەکەی لە ناو پۆل بخوێنێت یان دەتوانێت خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتی ماڵەوەی بۆ دابین بکات و نەچێتەوە بۆ خوێندنگە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٣ی کانووی دووەم، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە رێگەی فۆڕمێکەوە کە وەزارەتی پەروەردە ئامادەی کردووە و لە خوێندنگەکان پڕ دەکرێنەوە، بەخێوکار سەرپشک دەبێت لەوەی خوێندکارەکەی لە ناو پۆل بخوێنێت یان دەتوانێت خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتی ماڵەوەی بۆ دابین بکات و نەچێتەوە بۆ خوێندنگە، بەڵام تەواوی تاقیکردنەوەکان لە ناو پۆل دەبێت ئەنجام بدات.
ئاماژە بەوەشکراوە، پرۆگرامی خوێندن بە ریزبەندی دەخوێندرێت، رۆژ و کاتی تاقیکردنەوەکانی وەرزی و تاقیکردنەوە گشتییەکان بەگوێرەی ئەو خشتانەی کە بە نوسراوی فەرمی بلاودەکرێنەوە کاریان پێدەکرێت.
هاوکات، ئەوەشخراوەتەڕوو، مامۆستایان تەنها ئەو کاتانە لە خوێندنگەکان دەبن کە وانەیان هەیە، پاش وتنەوەی وانەکانیان پابەند ناکرێن بە مانەوە لە ناو خوێندنگەکان.

ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رۆژی شەممەی داهاتوو دەوامی خوێندنی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی لەسەرجەم خوێندنگەکانی هەرێم دەستپێدەکاتەوە، دەوامی خوێندکارانی قۆناغەکانی دیکەش تاوەکو رۆژی ١ی ئاداری ئەمساڵ دوادەخرێت.


ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا