ترەمپ داوا لە لایەنگرانی دەکات ئارامی وڵات بپارێزن

جیهان 13/01/2021

Alternate Text

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بیستومە دەڵێن خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەبێت، داوا لەهەموان دەکەم توندوتیژی رونەدات و یاسا پێشێل نەکرێت، دژی هەر جۆرە زیانگەیاندنێکم بە شوێنە گشتییەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٣ی کانوونی دووەم، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند،" دژی هەر توندوتیژییەکم و داوا لە لایەنگرانم دەکەم ئارامی بپارێزن و خۆیان لە توندوتیژی و پێشێلکردنی یاسا بەدوور بگرن".
ناوبراو راشیگەیاند،" توندوتیژی و نائارامی ئەوە نیە کە من دەمەوێت، گەلی ئەمریکاش ئەوەیان ناوێت، پێویستە بەسەر تۆڕەیی خۆتاندا زاڵبن و ئارامی بپارێزن".
ئەم قسانەی ترەمپ لە کاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرۆژەیەکی دیموکراتەکان بۆ دورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپ لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا دەستی بەکۆبونەوە کرد، چاودێرانیش پێشبینی دەکەن کە بۆ جاری دووەم بڕیاری دوورخستنەوەی ترەمپ لە پۆستەکەی بدرێت.
بە پێی دەستوری ئەمریکا رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە دوا وادە دەبێت بۆ مانەوەی ترەمپ لە کۆشکی سپی، دوای ئەو وادەیە دەبێت ئەو کۆشکە جێبهێڵێت و جۆ بایدن، وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا دەستبەکاربێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا