وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دان بە دەرکەوتنی ئەنفلاوەنزایەک دەنێت

عێراق 15/01/2021

Alternate Text

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق توشبوونی نزیکەی ٦٠ هەزار مریشک بە ئەنفلاوەنزای باڵندەی لە پارێزگای سەلاحەدین راگەیاند، داواش دەکات هاوردەکردنی مریشکی بەستیو و زیندوو لە وڵاتانی دراوسێوە قەدەغە بکرێت.
ئەمڕۆ هەینی، ١٥ی کانوونی دووەم، حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لە لایەن فەرمانگەی ڤێرتەرنەری قەزای سامەرای سەر پارێزگای سەڵاحەدینەوە لە دەرکەوتنی ئەنفلاوەنزای باڵندە لە دوو کێڵگەی پەلەوەر ئاگادارکراینەوە، هەر ئەمڕۆ لەسەر چۆنییەتی کۆنتڕۆڵکردن و رێگەگرتن لە تەشەنەسەندی ئەو ئەنفلاوەنزایە کۆبووینەوە و سەرجەم رێکارەکان گیراونەتەبەر.
ناوبراو راشیگەیاند، پڵانی لەناوبردنی سەرجەم ئەو کێڵگانە و پاکژکردنەوەیان داڕێژرا، پشکنینێس بۆ دووری سێ کیلۆمەتر لەو ناوچەیە دەکرێت.
هاوکات، داوای لە سەرجەم ‌هێزە ئەمنییەکان، دەستەی دەرزوازە سنورییەکان و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکان کرد بە تەواوی رێگری لە هاوردەکردنی مریشکی زیندوو و بەستیو بگرن کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاوردەی وڵات دەکرێن، چونکە ئەو ئەنفلاوەنزایە لە وڵاتانی دراوسێ بڵاوبووەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە ٦٠ هەزار باڵندەی توشبوو بە ئەنفلاوەنزای باڵندە لەو دوو کێڵگەیەیەی سەڵاحەدین لەناوبران.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا