نوسەرێکی کورد و هاوڕێی شاعیری کۆچکردوو شێرکۆ بێکەس، دەقی نامەیەکی ناوبراو بڵاودەکاتەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٦دا و لەدوای سوتاندنی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی ناردبوو.
سیروان رەحیمی نوسەر، کە وەک خۆی ئاماژەی بۆ کردووە یەکێک بووە لە هاوڕێ نزیکەکانی شێرکۆ بێکەس، لە پێشەکی بڵاوکردنەوەی نامەکەدا نووسیویەتی،، کاک شێرکۆ تەلەفۆنی کرد بۆم و وتی: نامەیەکی وەهام نووسیوە و دەمەوێت کۆپییەکی بۆ تۆ بنێرم و بۆ مێژوو لات بمێنێت. گوتی: ئێستا نا، بەڵام لە داهاتوودا رۆژێک لە رۆژان بڵاویبکەوە.
ئەو هاوڕێیەی شێرکۆ بێکەس باسیلەوەشکردووە، کاک شێرکۆ گوتی: نامەکەم بەدەستیی ناردووە بۆ کاک نەوشیروان مستەفا خۆی لە مەكتەبی سیاسی یەکێتی و پاشان پرسیارم لێکردووە، کاک نەوشیروان گوتوویەتی: نامەکەتم خوێندەوە، زۆرم بە دڵ بووە و بۆ هەموو ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەکێتی کۆپیم کردووە، سەروکۆپیم بە هەموویان داوە، بەڵام نازانم ئەوان تاقەتی خوێندنەوەیان هەیە یان نا؟.
دەقی نامەکەی شێرکۆ بێکەس :
نامه‌یه‌كی واڵا
بۆ به‌ڕێزان ئه‌ندامانی "مەکتەبی" سیاسی یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان
دوای سڵاو
دوابه‌دوای رووداوه خوێناوییه‌كه‌ی 16-3-2006 هەڵه‌بجه له ژماری (654 )ی رۆژنامه‌ی (ئاڵای ئازادی) دا وتارێكم به ناونیشانی (هه‌ڵه‌بجه له‌نێوان ئەو دەستەی خنکاندی و ئه‌و ده‌سته‌ی سووتانی) بڵاوكردبووەوە، ئومێد ده‌كه‌م خوێندبێتتانه‌وه و ئێستاش راسته‌وخۆ ئه‌م نامه‌یه‌تان بۆ ئه‌نووسم به‌و هیوایه‌ی چاوێكی زۆر جیدی و خێرا و بێ دواخستن به‌و بارودۆخه شێواوه‌دا بگێڕنه‌وه كه له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و دارایی خەریکن، ژیانی میلله‌تەكه‌مان و گه‌نجانی نه‌وه‌ی نوێ تووشی نائومێدی ته‌واو و دابڕانی ته‌واو و تووڕه‌یی و بێزاری و ناڕه‌زایی ئه‌كه‌ن و له دواییشدا (ئه‌گه‌ر به‌خێرایی به پیریه‌وه نه‌چن) و له ره‌گ و ریشه‌وه چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه نه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ری رۆژی ناخۆشتر و كاره‌ساتی جه‌رگبڕتر له‌پێشمانه‌وه‌یه، من ئه‌مه‌وێ سه‌ره‌تا له خاڵێكی زۆر جه‌وهه‌رییه‌وه ده‌ستپێبكه‌م: ئایا حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌ستی به‌وه كردووه یان گه‌یشتوونه‌تە ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه خه‌ڵكی و به‌تایبه‌تی گه‌نجه‌كان له حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات و راگه‌یاندن دووركه‌وتوونه‌ته‌وه؟ یان به واتایه‌كی تر بۆشاییه‌كی گه‌وره كه‌وتۆته نێوانیان؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه (به‌ڵێ) بێ، هێشتا ده‌رفه‌تێك له به‌رده‌مه‌وه ئه‌مێنێ بۆ ئه‌وه‌ی به فریای قه‌یرانه‌كان بكه‌ون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه ( نه‌و)، بێ و هه‌روا بزانن جاری جارانه و ئه‌م رووداوانه به هێند وه‌رنه‌گرن و ته‌واوی ئه‌و خۆپێشاندانانه‌ی له كه‌لار و كۆیه و هه‌ڵه‌بجه كران به پیلانی ده‌ره‌وه و ده‌سیسه‌ی بزووتنه‌وه ئیسلامییه‌كان له‌قه‌ڵه‌م بده‌ن، ئه‌وا ئه‌مه‌یان كاره‌ساتی گه‌وره‌تر به‌دوای خۆیدا ئه‌هێنێ و ئه‌بێ ده‌ستمان له‌سه‌ر دڵمان بێ و یان چاره‌نووسمان بده‌ینه ده‌ستی قه‌ده‌ر.
به‌ڕێزینه: خۆتان ئه‌زانن، من وه‌ك شاعیرێ له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكانه‌وه چ له‌ناو شاردا چ له شاخ لێتانه‌وه نزیك بووم و به‌شێك بووم له چاره‌نووسی پێشمەرگە و له ئێوه و لە هه‌موو ئه‌و سه‌ركرده سیاسی و عه‌سكه‌ریانه‌ی كه له رۆژه ره‌شی ئه‌وكاتانه‌دا به‌ره‌نگاری دیكتاتۆرییه‌ت ئه‌بوونه‌وه و به‌ڕاستیش بوێرانه خه‌باتیان ئه‌كرد و ئه‌جه‌نگان، وه‌ك شاعیرێكیش درێغیم له‌وه نه‌كردبوو كه له‌و سه‌رده‌مه تاریكانه‌دا چه‌ندین چرای شیعر بۆ مقاوەمەت و بۆ شه‌هیدان و میلله‌ته‌كه‌م داگیرسێنم، ئه‌مه‌ش منه‌تی تێدا نییه و ئه‌ركێكی چاره‌نووسسازی سه‌رشانم بووە. ئه‌گه‌ر شایه‌تی ئه‌وه‌شم بۆ بده‌ن هه‌ندێكتان له نزیكه‌وه ئاگاداری ئه‌وه‌ن چ له شاخ بووبن یان له شار، ئه‌گه‌ر كار و كرده‌وه‌ی جوانم بینیبێ باسمكردووه و پێمخۆشبووه و خۆ ئه‌گه‌ر ئاكاری خراپیشم بینیبێ یان له‌گه‌ل هه‌ندێ خه‌تی سیاسی ئێوه‌دا نه‌بووبم به نامه بووبێ یان رووبه‌ڕوو به به‌ڕێزان سكرتێری گشتی و مه‌كته‌بی سیاسیم وتووه، چونكه ویژدانم رێگه‌ی نه‌داوم بێده‌نگ بم، به كورتی من به‌شێك بووم له ئێوه و جیانه‌بووم، دوای راپه‌رینیش وه‌ك شاعیرێكی سه‌ربه‌خۆ هه‌ر له‌سه‌ر لیستی سه‌وز بوو خۆم پاڵاوت و چوومه یه‌كه‌مین په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ودواتریش به‌كۆی ده‌نگ كرام به یه‌كه‌مین وه‌زیری رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌م پۆسته‌شدا ساڵێك و چه‌ند مانگێ مامه‌وه و به‌هۆی پێشێلكاری پرەنسیپه‌كانی دیموكراسییه‌وه بوو كه به ئیراده‌ی خۆم و بڕیاری خۆم، ده‌ستم له‌و پۆسته كێشایه‌وه، قه‌ت ئه‌وه‌شم له‌بیرناچێته‌وه كه له رۆژانی ته‌نگانه و شاخدا، له رووی ژیان و گوزه‌رانه‌وه یارمه‌تی خۆم و ماڵ و منداڵتان داوم و به‌تایبه‌تی له دوای چوونه ده‌ره‌وه‌ی خۆم بۆ هه‌نده‌ران ژنه‌كه‌م و منداڵه‌كانم ئێوه توانیتان ره‌وانه‌ی ئێرانیان بكه‌ن و نه‌كه‌ونه ده‌ست دڕنده‌كانی به‌عس.
یەك جار لە ژیانمدا حیزبایەتیم كردووە و ئەندامی كاژیك بووم
به‌ڕێزینه: سه‌ره‌تای خۆشەویستیی من بۆ ئێوه و شۆڕشی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیكتاتۆری بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه ئه‌گه‌رێته‌وه كه دوای هه‌ره‌سی شۆرشی ئه‌یلول تروسکاییەک له هه‌موو كوردستاندا نه‌مابوو، میلله‌ته‌كه‌مان تووشی گه‌وره‌ترین نوشوستی بووبوو. من ئه‌وكاته بۆ خۆرئاوای عێراق دوورخرابوومه‌وه، پێموابوو زۆر دره‌نگ ئه‌توانین هه‌ڵسینه‌وه، به‌ڵام ئه‌وە بوو مه‌فره‌زه سه‌ره‌تاییه‌كانی كۆمه‌ڵه كه‌وتنه شاخ و ئێوه و هاوڕێكانتان ئازایانه هاتنه‌وه مه‌یدان و نێو گه‌له‌كه‌تان و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكتان كه له ئه‌وروپا بوون وازتان له خوێندن هێنا و رووتانكرده‌وه كوردستان، به‌ڵێ من و هه‌ندێ له هاوڕێ نزیكه‌كانم، هه‌ر له‌م وه‌رچه‌رخانه‌وه خۆشه‌ویستیی ئێوه و كۆمه‌ڵه و یه‌كێتی و( پ.م)ه‌كانی چوونه دڵمانه‌وه و بووین به دۆستی نزیكتان و لە هه‌مووشیان نزیكتر من بووم، دیاره ئێوه‌ش ئه‌زانن كه من رۆژێ له رۆژان نه له رێكخستنه‌كانی یه‌كیتیدا بووم نه پارتیش. یه‌ك جار له ژیانمدا حیز‌بایه‌تیم كردووه كه له بیستەکانی ته‌مه‌ندا بووم و ئه‌ندامی کاژیك بووم.
واته له ساڵی 1970وه من نه‌چوومه‌ته‌وه ناو هیچ حیزبێكه‌وه و كاری سیاسیم وه‌ك رێكخستن نه‌كردووه. چونكه من بۆخۆم زۆر زوو ده‌ركم به‌وه كرد كه بۆ كاری چالاكی سیاسی و رێكخراوه‌یی نابم و چاكتر وایه هه‌ر خه‌ریکی دنیای شیعر و ئه‌ده‌ب بم، هه‌روایشمكرد. من له سه‌ره‌تای هه‌شتاكانه‌وه لێتانه‌وه نزیكم، رێزتان گرتووم و رێزم گرتوون، له كاتی لێقه‌ومان و ته‌نگانه‌دا فریام كه‌وتوون، هه‌ندێکتان به شه‌خسی هاوڕێمن و به خێزانیشه‌وه تێكه‌ڵین، ئێوه‌ش هه‌ر یه‌كێكتان (به‌ده‌ر له شه‌ڕی ناوخۆ، كه هه‌موو لایه‌ك به یه‌كیتی و به پارتییه‌وه لێی به‌رپرسیاره) هه‌ر یه‌كه‌تان رابردووی جوانی خۆی هه‌یه و كه‌س ناتوانێ نكووڵی له مه بكات، ئێوه له‌و رابردووه‌دا بۆیه خۆشه‌ویست بوون چونكه له خۆبوردوو بوون و له‌ناو خه‌ڵكدا بوون و بۆ ئه‌وان ئه‌ژیان و له پێناوی پاشه‌ڕۆژی ئه‌واندا تێئه‌كۆشان و ده‌ستبه‌رداری هه‌موو خۆشی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی شه‌خسی ته‌نانه‌ت ژیانی خۆیشتان بووبوون. له رۆژگاری شه‌ڕی ناوخۆی دواییدا من له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بووم، ئه‌گه‌ر له‌بیرتان بێ كه من چه‌ند جارێك نامه‌ی تایبه‌تیم بۆ ئه‌ناردن، بێ هیچ پێچ و په‌نایه‌ك راسته‌خۆ ئیدانه‌ی ئه‌و شه‌ڕانه‌م كردبوو به‌تایبه‌تی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی دوایی نێوان پارتی و یه‌كیتی وه‌ختی هاتنه ناوه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا كه ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ی لێكه‌وته‌وه، له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت بووبێت و چاوم به‌هه‌ر سه‌ركرده و بەر‌پرسێك یان سكرتێری گشتی كه‌وتبێت بێده‌نگ نه‌بووم و رووبه‌ڕوو قسه‌ی دڵی خۆم له‌گه‌ڵدا كردوون.
به كورتی قازانجی میلله‌ته‌كه‌م له كوێ بووبێ منیش له‌وێ بووم. منیش وه‌ك هه‌ر مرۆڤیكی تر له ژیانمدا هه‌ڵه‌م كردووه. جاربه‌جار ده‌مارگیریش بووم. حه‌زیش ئه‌كه‌م ئه‌وه بزانن كه من له هیچ نووسین و شیعرێكی خۆم په‌شیمان نیم، چونكه دڵی خۆم سه‌رچاوه‌یان بووه، خۆم خاوه‌نی سه‌ری خۆم بووم. ئه‌وه‌یش ئه‌زانم كه ئه‌م نزیكی و تێكه‌ڵاوبوونه‌م له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا زۆرجار بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی، نه‌یاره‌كانم بیقۆزنه‌وه و بەباری تردا لێکیبدەنەوە و ته‌فسیری تری بۆ بكه‌ن. به‌ڵام من هه‌رگیز گوێم نه‌داوه‌تە ئه‌و پلار و تیر و توانجانه. چونكه زانیومه كه بێ هیچ مه‌به‌ستێ من كاری خۆم كردووه و شیعری خۆم نووسیوه، دوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌م له پۆستی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری بڕیاری ئه‌وه‌یشمدا كه جارێكی تر هیچ جۆره پۆستێكی حكومی وه‌رنه‌گرمه‌وه و خه‌ریكی كاری رۆشنبیری و ئه‌ده‌بی بم باشتره.
به‌ڕێزینه: من خۆشه‌ویستی و بڕوای میلله‌ته‌كه‌مان به‌هیچ شتێكی دیكه‌ی ناو ئه‌م دونیایه ناگۆڕمه‌وه. ئه‌وه‌نده‌یش ته‌مه‌نم بردووه‌ته سه‌ر كه له ئێسته‌دا پێویستیم به هیچ پله و پایه‌یەك نه‌بێت و له مووچه‌ی خانه‌نشینی خۆم و كاری خۆم له ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ئه‌ژیم و سه‌رووزیادیشمه و چاویشم له هیچ نییه.. هه‌رچی ته‌كلیف و كارێكیشم بووبێ یان بۆ سه‌رده‌م بووه یان بۆ خه‌ڵكی تر كه پێویستیان به هاوكاری و یارمه‌تی بووه. هه‌روه‌ها من ئه‌وه‌یش ئه‌زانم كه هه‌موو كادیر و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان چوون یه‌ك نین و له ژیان و گوزه‌ران و هەڵسوکەوت و پاكی و ناپاكیدا وه‌كو یه‌ك ته‌ماشا ناكرێن. به‌ڵام ئه‌م بارودۆخه ناهه‌مواره‌ی له ئێستادا هه‌یه هه‌موومان لێی به‌رپرسیارین. من بۆخۆم هه‌میشه له شاخیش، لێره‌یش له‌گه‌ڵ ئه‌و بیروبۆچوونانه‌دا بووم كه به‌رده‌وام ویستوویانه له رێگه‌ی رێفۆرم و چاككردنه‌وه گۆڕانێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو یه‌كێتیدا ئه‌نجامبده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌یش نه‌بوو ئاخریش هه‌مووی هه‌ر به بێده‌نگی شكایه‌وه. ئه‌م پێشه‌كییه‌م بۆ ئه‌م نامه‌یه‌م به پێویست زانی به‌ر له‌وه‌ی بگەمە ئه‌م رۆژگاره‌ی كه ئێستا تێدا ئه‌ژین.
به‌ڕێزینه: ئه‌وه پانزه ساڵی ره‌به‌قه خۆمان حوكمی وڵاتی خۆمان ئه‌كه‌ین، به‌ڵام ئێستا میلله‌ته‌كه‌مان به هه‌موو چین و توێژاڵە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیانه‌وه، به گه‌نج و پیر و ژن و خوێندكار و كاسبكاره‌وه، به رووناكبیر و نه‌خوینده‌واره‌وه، به‌شی هه‌ره زۆریان په‌ست و بێزار و توڕه‌ن، وه‌ك ئه‌بینن گه‌یشتووه‌ته لووتیان، نه‌وه‌یه‌ك دروستبووه كه له پێش راپه‌ڕینه‌وه به‌چه‌ند ساڵێ هاتووه‌ته دنیاوه و ئێستاش هه‌موو گه‌نجن و ئاگایان له‌و رابردووه نییه كه ئێوه باسی ئه‌كه‌ن، له راستیدا ئه‌مه خەوش نییه و ئه‌وان ژیان و داخوازی و تێڕوانینی خۆیان هه‌یه بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه. له ماوه‌ی ئه‌و پانزه ساڵه‌دا تێكه‌ڵاوبوونێكی گه‌رم و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ئه‌وان زۆر كه‌م بووه. گوێ له داواكانیان نه‌گیراوه. گوێ له رووناكبیران نه‌گیراوه، به سه‌دان به‌ڵێنی سه‌وز و سووریا‌ن پێدراوه هیچی وای لێ جێبه‌جێ نه‌كراوه، ئه‌وه پانزه ساڵه خه‌ڵكی به ده‌ست بێ كاره‌بایی و بێ ئاوییه‌وه ئه‌نالێنێ و تائێستاش گیروگرفته‌كه وه‌كو خۆیه‌تی، ئه‌ی خۆ ژیانیش هه‌مووی هه‌ر دوو سێ پانزه ساڵییه. بۆچی ئه‌م بارودۆخه وایه؟! له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رپرسان و قیاده له دۆڵێكن و میلله‌تیش له دۆڵێكی تر. دابڕانێكی گه‌وره كه‌تووه‌ته به‌ینه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و خزم و كه‌سوكاریان له نیعمه‌تێكدا ئه‌ژین و خه‌ڵكی تر له دۆزه‌خدا، پاره و پوول جێی بیروبڕوای گرتۆته‌وه.
خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن و بازرگانیكردن و كۆشك و ته‌لار دروستكردن و بێ پیلان مه‌سره‌ف كردن و جیاوازییه‌كی گه‌وره‌ی ژیانی رۆژانه كه‌وتۆته نێوان ئه‌وان و خه‌ڵكییه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سه‌و بۆخۆیه‌تی، سه‌ركرده‌كان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئاگایان له دنیای بێچاره‌یی و نه‌بوونی و هه‌ژاری میلله‌ت نه‌ماوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی دزی و گه‌نده‌ڵی به ئاشكرا ده‌كرێ و به به‌رچاوی عاله‌مه‌وه و بێ لێپرسینه‌وه دز وه‌ك بەرزەکی بانان بۆی ده‌رئه‌چێ و تاوانباران هه‌موو قانون و نیزامێك پێشیل ئه‌كه‌ن و كه‌سیش ناتوانێ یه‌خه‌یان بگرێ. ئه‌و ئاوه‌ی رژاوه گه‌وره رشتوویه‌تی و بچووكه‌كانی تریش پێیان تێخستووه.. كه‌سانێك هەن قوربانین، به‌ڵام له‌مرۆدا ئاوڕیان لێنه‌دراوه‌ته‌وه و له‌باتی ئه‌وان خزم و كه‌سوكاری سه‌ركرده‌كان بوون به وه‌زیر و سه‌فیر و به‌رپرس و كچ و كوڕیان پله و پایه‌ی به‌رزیان دراوه‌تێ له‌به‌رئه‌وه‌ی شتێك نه‌ماوه پێی بوترێ بیروباوه‌ڕ و حیزبایه‌تی پاك و بێگه‌رد. مه‌سه‌له‌كه لای به‌شێكی زۆری كادیر و سه‌ركرده‌كان بووه‌ته جۆرێك له موقاوه‌لاتی سیاسی و مشه‌خۆری و جۆرێك له تاڵانكردنی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و گه‌له هه‌ژاره. ئاخر خۆ هه‌ندێ له‌و كه‌سانه تاوەكو ساڵی 1991 خاوه‌نی هیچ نه‌بوون، به‌ڵام ئێستا بوونه‌ته خاوه‌نی ده‌یان كۆشك و ته‌لار و بازار و كۆمپانیا و هه‌زاران مه‌تر زه‌وی و چه‌ندین هۆتێل و به‌نزینخانه و شوێنی گه‌شتوگوزار، كه‌س نازانێ پاره و پوول چۆن چۆنی جه‌رج ده‌كرێ، له كوێوه دێ و له‌كوێوه ده‌ڕوا، ئه‌وه‌ی له دنیادا پێی ئه‌وترێ شه‌فافیه‌ت و لای خۆمان پێی ئه‌وترێ هه‌موو شتێكی ژێر به‌ڕە بخرێته سه‌ر به‌ره، لێره ناوی له كووله‌كه‌ی ته‌ڕیشدا نییه! به كورتی گه‌نده‌ڵی و له پاڵیا لێنه‌پرسینه‌وه بۆته په‌تای كوشنده‌ی ئه‌م وڵاته به‌دبه‌خته.
دیاره هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك له‌م دنیایه‌دا ئه‌وه‌ی پێخۆشه به‌شان و باڵیدا هه‌ڵبده‌ین و ره‌خنه‌ی لێنه‌گرین هه‌روه‌كو مشه‌خۆره‌كانی چوارده‌وری سه‌ركرده‌كان ئه‌یكه‌ن! كه‌س ناڵێ كار نه‌كراوه، به‌ڵام زۆر كه‌متر له‌وه‌ی كه ئه‌توانرا بكرێ، به‌تایبه‌تی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا كه به لێشاو پاره كه‌وتۆته لای هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاته گه‌وره‌كه و ناڕه‌وایش ته‌خشان و په‌خشانی پێوه ئه‌كرێ!. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه به‌شی هه‌ره زۆری گه‌نجانی ئه‌م وڵاته بێ كارن، شوێنێكیان نییه دڵیان پێ خۆشبێ به‌تایبه‌تی له قه‌زا و ناحییه‌كاندا، گه‌نجه‌كان هه‌ر ته‌واو په‌راوێزكراون. بۆ نموونه له شارێكی وه‌كو هه‌ڵه‌بجه دا نه هۆڵێكی وه‌رزشی نه كافتریایه‌كی مۆدێرن نه مه‌له‌وانگه‌یه‌ك نه یاریگایه‌كی باش نه سینه‌ما و نه شانۆ و نه هیچیان نییه و كاتێكیش ته‌ماشای ژیان و گوزه‌رانی های لایفی به‌رپرسه‌كان ئه‌كه‌ن و سه‌رنج له كۆشك و ماڵ و حاڵیان ئه‌ده‌ن ئیتر چۆن یاخی نابن و چۆن په‌نا نابه‌نه به‌ر هه‌موو خۆپێشاندانێكی تووڕه وناتەقنەوە!؟ هه‌موو جارێكیش تاوەكو به ته‌واوی جامه‌كه لێی نه‌ڕژێ و كاره‌سات روونه‌دات به‌رپرسان ناچن به‌ده‌م هاواری ئه‌م خەڵکه‌وه، ئاخر باشه له ساڵێكدا چه‌ند جار به‌رپرسان له‌گه‌ڵ چین و توێژه‌كانی خه‌ڵكیدا كۆبوونه‌وه و مێزگردی دیالۆگ و گفتوگۆیان سازكرد و گوێیان له سكاڵا و داخوازییه‌كانیان گرت؟! یان له دوای به‌ڵێن ئه‌و داوایانه‌یان جێبه‌جێكرد؟! تائێستاش به‌شێكی زۆری شاری هه‌ڵه‌بجه هه‌ر كه‌لاوه‌ی رووته كه ئه‌بوایه تاوەكو ئه‌مڕۆ بكرێـته شارێكی نموونه‌یی. به‌ر له هه‌موو كه‌س ئه‌و ماستاوچیانه تاوانبارن كه زانیاری درۆ ئه‌ده‌ن به‌سه‌روو خۆیان و له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان راستییه‌كان ئه‌شارنه‌وه. ئاخر باشه له خۆپێشاندانێكی گه‌وره‌دا دوو كه‌س ده كه‌س په‌نجا كه‌س پیاوی ده‌ره‌وه بوون و گومان لێكراو! ئه‌ی ئه‌و هه‌زارانه‌ی تر چی بوون؟! نا. با به شوێن هۆكاری راسته‌قینه و واقیعانه‌دا بگه‌ڕێین، كه به‌لای منه‌وه یه‌كه‌مینیان: ئه‌و دابڕانه گه‌وره و دووركه‌وتنه‌وه زه‌قه‌یه كه كه‌وتووه‌ته نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵكه‌وه، ئه‌و جیاوازی ژیان و نایه‌كسانی و ناعه‌داله‌تیانه‌یه كه به ئاشكرا و بێ په‌رده خه‌ڵك و گه‌نجه‌كان رۆژانه به چاوی خۆیان ئه‌یبینن. ساڵه‌هایش هه‌موو چاوه‌ڕێی ئه‌وه بوون ئاوڕێكیان لێبدرێته‌وه و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بكرێ و نه‌كرا، ئیتر ورده ورده تووڕه‌بوون و ناڕه‌زایی په‌نگی خوارده‌وه و له دواییدا به‌ربه‌ستی شكان و سووتاندنی مینۆمێنتی شه‌هیدانی لێكه‌وته‌وه!
به‌ڕێزینه! خۆپێشانده‌ران به‌شی هه‌ره زۆریان جه‌ماوه‌ری جارانی خۆتان بوون و ته‌نانه‌ت ئه‌و گه‌نجه‌ی له 16-3-2006 دا شه‌هیدكرا، ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی خۆتان بوو، خۆپێشانده‌رانی كه‌لار و كۆیه‌ش هه‌ر هه‌موویان ره‌نگه كه‌مەکێکی لێده‌رچێ ئه‌وانیش هه‌ر له خۆتان بوون. نا، با دەستی كه‌مته‌رخه‌می و نابه‌رپرسیاری و بێ هۆش و گۆشی سیاسی خۆمان به‌سه‌ری كه‌سانی دی نه‌سڕین، هه‌موو دنیا لێره و ته‌نانه‌ت له هه‌نده‌رانیش نه‌یانزانی كه رۆژی 16-3 گه‌نجه‌كان و خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه رائه‌په‌ڕن، ئه‌و به‌رپرس و مه‌سئوله حیزبی و حكومیانه و ئه‌و هه‌موو هێزه‌ی له هه‌ڵەبجه هه‌بوون بۆچی نه‌یانتوانی مینۆمێنته‌كه بپارێزن؟!
به‌ڕێزینه: ئۆتۆمبیلی ئاگركوژێنه‌وه‌ی حكومه‌ت 3 ده‌قیقه له مینۆمێنته‌كه‌وه دووره، ئه‌ی ئه‌وانیش هه‌ر كارمه‌ند و ئۆتۆمبێلی ئیسلامییه‌كان و ئه‌ودیو سنوور بوون؟! ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی قانون و نیزامیش باسئه‌كه‌ن ئه‌ی نه‌ده‌بوو هه‌ندێ له‌و به‌رپرسیارانه‌ش بدرێنه مه‌حكه‌مه؟! به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی له‌و رۆژه‌دا گه‌نجێك كوژراوه و هه‌شت نۆ كه‌سی تریش برینداربوون؟! بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بڕواتان پێ بكه‌ن نه‌ئه‌بوو له‌سه‌ر كاری حیزبی و حكومی لادرێن؟! وه‌ك عه‌قڵی سیاسی به‌شی زۆری عه‌ره‌به‌كان كه هه‌رچییه‌ك رووبدات، تووشی هه‌ر نوشوستییه‌ك ببن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ردێك له ئاسمانه‌وه بكه‌وێته خواره‌وه، ئه‌وا ئه‌وان به پیلانی ئه‌مریكا و زایۆنیزمی ئه‌زانن! ئه‌وه‌تا ئێستاش هه‌ر وه‌كو ئه‌وان بیرده‌كه‌ینه‌وه ده‌رئه‌نجامی هه‌موو ئه‌و خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تییەی خه‌ڵك به پیلانی ئیسلامییه‌كان و قینی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ودیوی سنوور له قه‌ڵە‌م ئه‌ده‌ین! ئه‌ی باشه به‌ڕێزینه! هه‌ر یه‌كیتی خۆی هاوكار و هاوپه‌یمانی به‌شێك له‌و ئیسلامییانه نه‌بووە؟! هه‌ر یه‌كێتی و پارتی خۆیان به‌ر له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی دوایی قۆڵیان له قۆڵیاندا نه‌بوو؟! به‌ڵێ ئه‌شێ هه‌ندێ له كه‌سانی گومانلێكراوی ئه‌ودیو سنوور، یان هه‌ر نه‌یارێك ، خۆیان خزاندبێته ناو ریزی خۆپێشانده‌رانه‌وه، ویستبێتیان خۆیان ئه‌و هه‌له بۆ مه‌رامی خۆیان بقۆزنه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌یان دیوێكی زۆر لاوازی كێشه‌كه‌یه، دیوی هه‌ره به‌هێز و سۆنگه‌ی هه‌ره دیار‌و له‌به‌رچاو په‌یوه‌ندی به پۆخڵه‌واتی خۆمانه‌وه هه‌یه. په‌یوه‌ندی به دزی و گه‌نده‌ڵی به‌رپرسە حكومی و حیزبییەكانه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندی به ناخۆشه‌ویستی و بێزاری ئه‌وانه‌وه هه‌یه له‌ناو خه‌ڵكیدا. به‌ڵێ ئێستا چ پارتی چ یه‌كیتی له‌ناو میلله‌ته‌كه‌ماندا چاره‌یان گران بووه و ئه‌و رێز و شوێن و سه‌نگینییه‌ی جاری جارانیان نه‌ماوه. نازانم ئێوه تاوەكو چه‌ند له‌م راستییانه گه‌یشتوون؟! ئایا ئه‌زانن وایه و خۆتانی لێ چه‌واشه ئه‌كه‌ن؟! یان پێتان وایه ئه‌مانه قسەی رووتی بێ به‌ڵگه‌ی هه‌ندێ كه‌سی ناحه‌ز به ئێوه‌ن؟! به‌ڵام له راستیدا له‌م رۆژگاره‌دا جامه‌كه لێی ئه‌ڕژێ و من له‌لای خۆمه‌وه له‌وه ئه‌ترسم هه‌ندێكتان بڵێن له ده‌ست ئێمه‌دا نییه، به‌ڵام ئه‌م پاساوه له‌ڕووی سیاسی و ئه‌خلاقییه‌وه قابیلی قبوڵ نییه، چونكه ئێوه له به‌رزترین ئاستی به‌رپرسیدان. ئه‌گه‌ر نا بۆ ده‌ست له‌كار ناكێشنه‌وه و بچنه‌وه ماڵی خۆتان! ئه‌مه‌یان باشتر نییه؟! خۆ بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی له راستی و دروستی ئه‌م باره ناهه‌مواره بگه‌ن، رێگه‌ی گه‌لێ ئاسان و شارستانی هه‌یه ئه‌توانن تاقیبكه‌نه‌وه. ئه‌مرۆ له دنیادا په‌نابردنه به‌ر راپرسی و رێفراندۆم له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا بووه به پرنسیپێكی باو، بووه به پێوانه‌ی گه‌یشتنه زۆر ئه‌نجام، فه‌رمون من پێشنیاز ئه‌كه‌م، به سه‌رپه‌رشتی لێژنه‌یه‌كی باڵای بێ لایه‌ن كه هیچ ده‌ستتێوه‌ردانێكی تێدا نه‌بێ و خه‌ڵكی زۆر ئازادانه و سه‌ربه‌خۆ و بێ ترس و بێ گوشار رای خۆیان بده‌ن و راپرسییه‌كه‌ش ته‌نیا یه‌ك پرسیار بێ : ئایا ئێوه رازین له حوكمڕانه‌كانی كوردستان؟! ئایا ئێوه له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا له هه‌ڵه‌بجه و كه‌لار و كۆیه و زۆر شوێنی تر پرسیارێكی له‌وجۆره‌تان له خه‌ڵك كرد؟! ئایا له‌گه‌ڵ گه‌نجه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا كۆبوونه‌وه؟! به جۆرێك گوتوبێژ و دیالۆگتان له‌گه‌لیاندا ئه‌نجامدا؟! ئایا ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی چوونه‌ته ناو خه‌ڵكی ئه‌و شوێنانه‌وه و له نزیكه‌وه گوێیان لێ‌گرتوون؟! یان به پێویستیان نه‌زانیوه و داوتانه‌ته ده‌ست پاشه‌ڕۆژ؟! ئایا چه‌ندجار لێپرسینه‌وه‌تان له‌گه‌ل كادیر و كاربه‌ده‌سته‌كانی خۆتاندا كردووه؟! چه‌ند دز و گه‌نده‌ڵتان دا به دادگا؟! ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم له دوای راپه‌رینه‌وه چه‌نده‌ها تاوانی پیاوكوژی و جه‌رده‌یی و رفاندنی هاووڵاتی و بێ سه‌روشوێنكردنیان روویداوه، به‌ڵام هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌كی قانوون‌یان بۆ نه‌كراوه. ته‌نانه‌ت هه‌ندێ تاوانیان ئه‌وه‌نده زه‌ق و ئاشكرا بوون، ناوی تاوانباران به‌سه‌ر زاری هه‌موو كه‌سێكه‌وه بوون و به‌ڵام هه‌ر هیچ نه‌كراوه له شوێن و پله‌وپایه‌ی سیاسی و عه‌سكه‌ری خۆیاندا مانه‌وه تاوەكو ئێستەیش؟! ئه‌مه چ پاشاگه‌ردانییه‌كه به درێژایی پانزه ساڵ تاوانبار به ئاشكرا بكوژێ و دز به ئاشكرا بدزێ و كه‌چی له گوڵ كاڵتریان پێ نه‌وترێ؟! ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان پله‌وپایه‌یان به‌رزتر بكرێته‌وه؟! مانای دیموكراسی له وڵاتی ئێمه‌دا و له‌لای هێزه سیاسییه‌كان به پێوانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئه‌پێورێ، واته دیموكراسی تاوەكو ئه‌و شوێنه بڕ ئه‌كات كه دوور بێ له‌وانه‌وه، كه یه‌خه‌ی ئه‌وان نه‌گرێ و کە ئه‌وان نه‌خاته ژێر گیروگازی لێكۆلینه‌وه‌وه. دیموكراسی نابێ ره‌خنه له سه‌ركرده‌یه‌ك بگرێ و داوای شه‌فافیه‌تی لێبكات و پێی بڵێـت ئه‌م هه‌موو ته‌خشان و په‌خشانه چۆن؟! له كوێوه؟! به‌چ بڕیارێ؟! له وڵاتی ئێمه‌دا سنوور بۆ دیموكراسیه‌ت ئه‌كێشرێ، واته تاوەكو ئه‌و شوێنه مه‌قبوڵ و جوانه و پێویستە و بێ وەیە، كه نه‌گاته سه‌ر خودی خۆمان و په‌نجه نه‌خاته سه‌ر خه‌وشه‌كانمان، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر له‌وه ترازا ئه‌وه دیموكراسی نییه و فه‌وزایه و غه‌وغایه؟!
به‌ڕێزینه: له رۆژگاری ئه‌مڕۆدا هه‌ڵبژارده‌یه‌ك نووسه‌ر و رۆژنامه‌وان و پیاوی رووناكبیر هه‌ن، رابردوو پاك و خۆشه‌ویست له‌ناو خه‌ڵكیدا و ئه‌نووسن و ره‌خنه ئه‌گرن و ده‌نگ به‌رزئه‌كه‌نه‌وه، له‌سه‌ر هه‌موو رووداوەکان هه‌ڵوێستێك و رای خۆیان هه‌یه و ئه‌مه‌ش هه‌فتانه به‌رده‌وامه. ئایا به‌ڕێزینه ئێوه وتاری ئه‌و رووناكبیرانه ئه‌خوێننه‌وه؟! به‌دواداچوونیان بۆ ئه‌كه‌ن؟! له‌سه‌ر ره‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندن و بیروڕا وبۆچوونیان ئه‌وه‌ستن و بایه‌خیان پێ ئه‌ده‌ن؟! یان نا؟! ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه ئه‌وه بێ: ئه‌ی چۆن نایانخوێنینه‌وه! ئه‌ی بۆ قسه‌تان نییه؟! بۆ وه‌ڵامیان ناده‌نه‌وه؟! بۆچی دیالۆگیان له‌گه‌ڵدا ناكه‌ن؟! ئایا ئه‌مه له قازانجی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی دا نییه كه له‌م په‌یوه‌ندیانه‌وه رێگه‌ی چاره‌سه‌ركردن باشتر و مەوزوعی تر ده‌ست نیشانبكرێت؟ ئه‌و رووناكبیره هه‌ڵبژارده‌یه سه‌ربه‌خۆن و سه‌ر به هیچ حیزب و رێكخراوێكی سیاسی نین، به‌شێكیان له ئه‌وروپان و هه‌ندێكیان لێره‌ن. ئایا رۆژێ له رۆژان به مه‌به‌ستی هەوڵدان بۆ بنەبڕكردنی گه‌لێ كێشه‌ی كۆمه‌ڵ و به‌تایبه‌تی گه‌نجه‌كان پرسێكتان پێكردوون؟! یان چشتان لێكردوون و نه‌تانویستووه سه‌ری خۆتان به‌وانه‌وه بێشێنن! به‌ڵام به‌ڕێزینه ئه‌مه یه‌كێكه له هه‌ڵە و خەوشه زه‌قه‌كانی ئێوه. چونكه ئه‌و رووناكبیرانه، هه‌رچی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی هه‌بێ نیانه. له‌نێو گه‌نجه‌كاندا خاوه‌نی سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی و كۆمه‌ڵایه‌تین. هه‌ندێ له‌و كۆڕانه‌ی ئه‌م رووناكبیرانه ئه‌یگێرن ئاپۆره‌یه‌كی ئێجگار زۆر له گه‌نج و هاووڵاتی روویان تێئه‌كه‌ن. ئایا ئێوه چوون بۆ ئه‌و كۆڕانه؟! بۆئه‌وه‌ی به چاوی خۆتان ببینن چ جه‌ماوه‌رێكی چڕ‌وپڕ گوێیان لێئه‌گرن؟! ئایا به‌ڕێزینه ئه‌و رووناكبیرانه به‌شێكی هه‌ره گرینگ و چالاك و كاریگه‌رنین له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه؟! ئایا ئێمه ئه‌وه‌نده ته‌واو و بێ خه‌وش و كه‌موكوڕین پێویستیمان به‌وه نه‌بێ ئه‌وانه هه‌بن یان نا هیچ له مه‌سه‌له‌كه ناگۆڕدرێ! یان پێویسته به پیریانه‌وه بچین و دیراسه‌ی ره‌خنه و بۆچوونەکانیان بكه‌ین و كه‌ڵكیان لێوه‌ربگرین؟! سیاسه‌تمه‌دارانی دنیا و له هه‌موو وڵاتێكی پێشكه‌وتوودا به پله‌ی یه‌كه‌م گوێ له رووناكبیره‌كانیان ئه‌گرن، ته‌نانه‌ت زۆرجار ئه‌و راوبۆچوون و ره‌خنانه‌ی ئه‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی سیاسیه‌كان، ده‌سه‌ڵات، به پلان و به‌رنامه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیاندا بچنه‌وه و له‌به‌ر رووناكی ئه‌و بیروبۆچوونانه‌ی ئه‌واندا، ئه‌وانیش هێڵه سه‌ره‌كی و گشتییه‌كانی خۆیان بگۆرن! به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌مه لای ئێمه زۆر پێچه‌وانه‌یه، ده‌سه‌ڵات، خۆی له هه‌موو رووناكبیر و كه‌سێكی تر به دانا و زاناتر ده‌زانێ، پێیوایه عه‌قڵێكی تر نییه بتوانێ باشتر له عه‌قڵی ئه‌وان بیربكاته‌وه. پێیان وایه هه‌رچییه‌ك له‌و رۆژنامانه‌دا بنووسرێ كه ناكۆكن و دژ به سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه ده‌سته و پیلان و له باشترین حاڵه‌تیشدا به پیاوی ناواقیعی و خه‌یاڵ پڵاو لە قەڵەمیان ئەدەن. ئه‌گه‌ر وانییه بۆ قسه‌یه‌كتان نییه سه‌باره‌ت به قسه‌كانی ئه‌وان؟! له‌به‌رچی ده‌رگای دیالۆگیان له‌گه‌ڵ خۆتاندا بۆ ناخه‌نه سه‌رپشت؟! بێگومان له‌م حاڵه‌دا هه‌ر ئه‌بێ ئه‌و ده‌ست پێشخه‌ریانه له ده‌سه‌ڵاته‌وه بێت ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی بێ!
له دوای 16-3-2006 و رووداوه‌كانی هه‌ڵه‌بجه ئه‌و رووناكبیرانه له رۆژنامه‌كانی (هاوڵاتی) و (ئاوێنه) دا چه‌ندین وتاریان بڵاوكرده‌وه، نه‌رم و تووندیش، ئێستا پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌و وتار و نووسینانه‌ش هه‌ر ئه‌چنه خانه‌ی پیلان و دووژمنانه‌وه؟! یان پێویسته دیراسه بكرێن و ئه‌و راوبۆچوونانه تاوتوێ بكرێن و هه‌نگاویان بۆ هه‌ڵبگیرێ!
تەقەكردن لە خۆپیشاندەران ... كوشتنی دروشمەكانی خۆتانە
به‌ڕێزینه: ته‌قه‌كردن له خۆپێشانده‌ران و كوشتنی گه‌نجێك و برینداركردنی چه‌ندین هاووڵاتی تر، هیچ پاساوێكی نییه. ئه‌مه به ته‌نهاش شه‌هیدكردنی یەکێك نییه، به‌ڵكو كوشتنی دیموكراسیه‌ت خۆیه‌تی. كوشتنی هه‌موو ئه‌و دروشمانه‌یه كه خۆتان به‌رزتان كردووه‌ته‌وه، خۆتان جاڕیان بۆ ئه‌ده‌ن، هه‌ر له مافی مرۆڤه‌وه تاوەكو مافی چاره‌نووس و ئاشتی و دیموكراسی. ئا ئه‌و شوێنه‌ی خوێن نایه‌ته كێشه‌یه‌كه‌وه رێگه‌ی چاره‌سه‌ر زۆرن، به‌ڵام ئه‌وكاته‌ی خوێن هات رێگه‌کان دائه‌خرێن، بڕوا و متمانه نامێنێ، خۆشه‌ویستی خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر ئه‌بێته جۆریك له نوكته‌ی بێ له‌زه‌ت و موجامه‌له‌ی خۆڕایی! هه‌روه‌كو پێشتر وتم به هه‌موو هێزی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە بۆ پێیان نه‌كرا مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه بپارێزن؟! له‌به‌ر چی وا خوێن سارد و پشت لێكراوە بوون و پێشوه‌خت خۆیان بۆ ئه‌م پاراستنه ئاماده نه‌كردبوو؟! نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده رۆژێ به‌ر له رووداوه‌كه به‌رپرسانی ئاسایشی هەڵه‌بجه به سلێمانیان راگه‌یاندووه كه بارودۆخه‌كه زۆرباشه و هیچ مه‌ترسییه‌ك له ئارادا نییه! ئه‌مه هاواری له بێخه‌به‌رانی ئه‌وێت! من له وتاره‌كه‌ی پێشوومدا ده‌رباره‌ی سووتاندنی مۆنۆمێنته‌كه وتبووم: ئه‌وه به ته‌نیا هه‌ر چاوی پاشماوه‌ی به‌عس و ئیسلامییه تووندڕه‌وه‌كانی روونكرده‌وه، ئه‌و سووتاندنه كارێكی عه‌به‌سیانه و فه‌وزه‌ویانه بووه و ئه‌میش به‌هیچ جۆرێك هیچ جۆره پاساوێكی نییه، دڵنیاشم هه‌ر هه‌موو خۆپێشانده‌ران ده‌ستیان له‌م كاره ناهه‌مواره‌دا نه‌بووه، حكومه‌ت ئه‌گه‌ر له‌م باره‌وه لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ خۆپێشانده‌راندا بكات و بیه‌وێ به شوێن سه‌به‌ب كاراندا بگه‌ڕێ و له رێی قانونه‌وه له‌و مه‌سه‌له‌یه بپێچێته‌وه با بیكات، به‌ڵام ئه‌مه نیوه‌ی راستییه‌كه‌یه، پێویسته له هه‌مان كاتدا لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ئاسایش و پۆلیسیشدا بكرێ و ئه‌وانه‌ی له‌ناو ئه‌م هێزانه‌دا ده‌ستیان هه‌بووه له كوشتنی ئه‌و گه‌نجه و برینداركردنی ئه‌و چه‌ند هاوڵاتییه‌ی تردا، ئه‌وانیش راپێچی دادگا و لێكۆڵینه‌وه بكرێن، چونكه بارودۆخه‌كه به‌و ته‌قه‌كردنه شێوێنرا و هه‌ر ئه‌وانیش لێی به‌رپرسیارن، به‌ڵام سەیر ئه‌وه‌یه، ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات باسی ناكات ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌یه، له‌كاتێكدا ئه‌بوایه به پێچه‌وانه بووایه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م ته‌قه‌كردنه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه زیاتر بوروژرێن و له ئه‌نجامدا په‌لاماری مۆنۆمێنته‌كه بدرێت.
به‌ڕێزینه!! خه‌ڵكی برسی و هه‌ژاری هه‌ڵه‌بجه پانزه ساڵ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بووه، ژیانیان باش بكرێ، پانزه ساڵه سكاڵانامه و داخوازی خۆیان ئه‌ده‌ن به ده‌سه‌ڵات وڵامێكی ئه‌وتۆیان ده‌ستگیرنه‌بووه، من و کەسیش ناڵێ له هه‌ڵه‌بجه‌دا هیچ هیچ نه‌كراوه، به‌ڵام ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه ، گرانی و بێكاری و نه‌بوونی ئه‌گه‌ر خراپتر نه‌بووبێت باشتر نه‌بووه، تائێستاش ده‌سه‌ڵات نه‌یتوانیوه نه له هه‌ڵەبجه نه له هیچ شارێكی كوردستاندا چاره‌سه‌رێك بۆ چاوچنۆكی هه‌ندێ له دووكانداران و ئه‌و بازاڕه بێسه‌روبه‌رەی نرخ دانان بدۆزێته‌وه، ئه‌م پاشاگه‌ردانی و گرانییه، رۆژ له دوای رۆژ ناخۆشتر ئه‌بێ و باجی هه‌ره گه‌وره‌ش هه‌ژاران و كه‌م ده‌رامه‌تان ئه‌یده‌ن. برسییه‌ك بیر له تێربوون ئه‌كاته‌وه نه‌ك له مۆنۆمێنت. هه‌ژارێك بیر له گیرفانی چۆڵ و كڕینی كیلۆیه‌ك گۆشت ئه‌كاته‌وه نه‌ك له زاراوه‌ی دیموكراسی. ئه‌و بێدەرەتانانەی له كه‌لاوه‌كاندا ئه‌ژین و نه‌خۆشی و رووت و رەجاڵی وێرانی كردوون بیر له یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌كه ناكه‌نه‌وه! ئاواره‌كانی كه‌ركووك بیر له ژوورێك و بنمیچێ ئه‌كه‌نه‌وه له ژێریا بژین، بیر له دڵی كوردستان و قودسی كوردستان ناكه‌نه‌وه! له‌گەڵ ئه‌وه‌یشدا، له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌رده‌سه‌ریانه‌ی خۆشیاندا هه‌ر ئه‌وانیش بوون به‌ر له ئه‌ندام و كارگێڕی حیزبه‌كان گه‌ڕانه‌وه كه‌ركووك و تاوەكو ئه‌مرۆیش به كوێره‌وه‌ری ئه‌یبه‌نه سه‌ر. گه‌نجه‌كانی هه‌ڵه‌بجه ئه‌و پرۆژه و چارانه‌یان ئه‌وێـت كه راسته‌خۆ په‌یوه‌ندی به ژیانی رۆژانه‌ی ئه‌وانه‌وه هه‌یه. باس له‌وه ده‌كه‌ن كه چه‌ندین ملیۆن دۆلار له هه‌ڵه‌بجه خه‌رجكراوه، زۆرباشه، به‌ڵام وه‌ك له وتاره‌كه‌ی پێشوومدا ئاماژه‌م به‌وه كردبوو له‌و ملیۆنان دۆلاره هۆڵێكی مۆدێرنی بۆ وه‌رزش تێدا بوو؟! کافتریایەکی تێدابوو؟ بنکەیەکی کۆمەڵاتی بۆ چالاکی گەنجەکان تێدا بوو؟ مەلەوانگەیەکی تێدا بوو؟ سینه‌مایه‌كی گه‌ڕۆك و یان هۆڵێكی بچووكی بۆ نیشاندانی فیلم تێدا بوو؟! جگه له كتێبخانه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه خۆشی بۆ كتێبخانه‌یه‌كی تری تێدابوو؟! دوو كۆشكی بۆ رۆژنامه و گۆڤار فرۆشه‌كان تێدا بوو؟! گۆڕه‌پانێكی باشی بۆ فوتبۆل و یاری تێدا بوو؟! سنووقێكی هاوكاری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ هاوكاری و یارمه‌تی بێوه‌ژنانی هه‌ڵه‌بجه تێدابوو؟! چه‌ند پارچه زه‌وی له‌ناو هه‌ڵه‌بجه‌دا درا به هاووڵاتیان و چه‌ندیش به به‌رپرسه حیزبی و حكومییه‌كان؟! نان و بژێوی ژیان و ماڵ و خۆشگوزه‌رانی به‌ر له هه‌موو شته. ناڕه‌زایی خه‌ڵك له چییه‌وه هاتووه؟! له گەنده‌ڵییه‌وه، له خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن و پارەو‌پولی زۆری به‌رپرسه حكومی و حیزبییه‌كانه‌وه، له كۆشك و ته‌لاره‌كانیانه‌وه، له با‌زاڕی كڕین و فرۆشتنیانه‌وه، له جیاوازی ژیانی خه‌ڵك و ئه‌وان و خزم و كه‌سوكاریانه‌وه، له موحاسه‌به نه‌كردنی دز و تاوانبارانه‌وه، لێره‌وه كه هه‌میشه به‌شی شێر له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا، هه‌ر ئه‌وان و كوڕ وكچی ئه‌وان و خزم و كه‌سوكاری ئه‌وان بردوویانه، كار گه‌یشتووه‌ته راده‌یه‌ك ئه‌م جیاوازییانه ئاشكران و رۆژانه خەڵك به‌چاوی خۆیان ئه‌یبینن!
به‌ڕێزینه: گه‌لێ جار په‌رچه‌كرداری خه‌ڵكی به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك یان حیزبێك له‌وه‌وه دێت كه ئه‌و غه‌درانه‌ی لێنه‌كرێ، نه‌ك ناڕازیبوون بێ له ئایدۆلۆجیا و به‌رنامه‌ی ئه‌و حیزبه، بۆ نموونه من بۆخۆم پێموایه زیادبوونی جه‌ماوه‌ری حیزبه ئیسلامییه‌كان له‌وه‌وه نه‌هاتووه ئه‌و خه‌ڵكه كێ به كافر و ئه‌وان به موسوڵمانی راسته‌قینه بزانن، له‌وه‌وه نه‌هاتووه ئه‌وان دڵسۆزتربن له‌وانه‌ی ژیانی خۆیان، گه‌نجێتی خۆیان له‌سه‌رده‌مێكدا دا به گه‌له‌كه‌یان، چونكه ئاشكرایه به‌شی زۆری ئه‌م گرووپ و كۆمه‌ڵه ئیسلامییانه، له‌و رۆژگارانه‌دا له جێی نه‌بووان بوون، نه‌خێر په‌رچه‌كرداری ئه‌و خه‌ڵكه له‌به‌رئه‌وه‌یه ئه‌و هه‌موو غه‌در و جیاوازیانه ئه‌بینێ و بێزاریه‌كه‌ی وایلێده‌كات ده‌نگ بدات به‌وان. كادیری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ئه‌بینێ ده‌ستپاك و له‌ناو كۆمه‌ڵدا خۆشه‌ویست و له‌م لایه‌شه‌وه كادیره‌كانی ئێمه ئه‌بینێ گورگ و هه‌ر ئه‌خۆن و تێر نابن. خه‌ڵكی بیروباوه‌ڕ و ئایدۆلۆجیا و رابردوو و هه‌موو شتێ له چاوی ئاكاری ئه‌و كه‌سه‌وه ئه‌بینێ، هه‌روه‌كو له وتاره‌كه‌ی پێشوومدا په‌نجەم بۆ راكێشابوو. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه بوون به‌ره‌ی رزگاریخوازی جه‌زائیر و رێكخراوی رزگاریخوازی فه‌له‌ستینی، هه‌روه‌ها به‌ره‌ی عیلمانی توركیا به‌و ده‌رده چوون كه چوون، راسته ره‌نگه هه‌ندێ هۆكاری تریش هه‌بن، به‌ڵام سۆنگه‌ی هه‌ره گه‌وره په‌یوه‌ندی به ژیان و ئازادی و خۆشگوزه‌رانی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه. به‌ڵێ مه‌ترسییه‌كه له‌وه‌دایه ئه‌و هێزانه پاشه‌ڕۆژ بگرنه ده‌ست كه فیكری مرۆڤ و ئازادی مرۆڤ سه‌دان ساڵ بگه‌ڕێننه‌وه بۆ دواوه وه‌ك له ئه‌فغانستان بینیمان. مه‌ترسییه‌كه له‌وه‌دایه هه‌موو ئه‌و ئه‌لته‌رناتیڤانه له وڵاتی ئێمه‌دا به‌ره‌ی دیموكراسیخواز و پێشكه‌وتنخواز و عیلمانی نین، ئه‌مه‌شیان هه‌ر بۆ هه‌ڵه‌ی ئێمه ئه‌گه‌ڕێته‌وه، چونكه یه‌كیتی و پارتی نه‌یانویستووه و دژی ئه‌وه بوون ئه‌و نه‌وعه عیلمانی و رۆشنبیره دیموكراتیانه بێننه پێشه‌وه و نەشونما بكه‌ن. به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وان به‌رده‌وام له زۆر قوناغدا هه‌ر خه‌ریكی رازیكردنی بزووتنه‌وه ئیسلامییه‌كان بوون، ته‌نانه‌ت مه‌سه‌له‌ی دیموكراسی و جیاوازی به‌رنامه‌شیان نه‌هێشت و له‌جیاتی مونافه‌سه‌ی دیموكراسی و ده‌ركه‌وتنی جیاوازیه‌كان په‌نایان برده به‌ر فیفتی فیفتی یه‌كه و تائێستاش درێژه‌ی هه‌یه. دیموكراسی له‌ناو هه‌ندێ (رێككه‌وتن دا) با به سەر زاری لە به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێت، به‌ڵام ئه‌و پینه‌كردن و رێككه‌وتنانه كه پیاو نایشزانێ تا كوێ بڕ ئه‌كات ئه‌بنه هۆی زیندانیكردنی دیموكراسی و پووكانه‌وه‌ی. هەر ئەم هۆکارەیش بوو، كارێكی كرد كه به درێژایی پانزه ساڵ له‌ودیوی په‌رده‌وه، له ژووری داخراودا بڕیار بدرێ و راستییه‌كان له خه‌ڵكی بشارنه‌وه. چونكه وه‌ك ئه‌زانن ئیتر زۆرجار له كه‌ناڵی راگه‌یاندنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆمان، هه‌واڵی خۆمان بیستووه، ته‌له‌ڤزیۆن و رادیۆكانی ئێمه مێش میوانیان نه‌بووه، دوا كه‌س كه ئاگای له ده‌نگوباسی خۆی بووبێ كورد خۆی بووه. ئه‌م په‌رده‌پۆشیانه سه‌رجه‌م ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌ی گرتۆته‌وه، كه‌س نازانێ چی ئه‌كرێ و چۆن ئه‌كرێ و بۆ ئه‌كرێ!
به‌ڕێزینه: سه‌ره‌تای كۆتایی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك له‌و خاڵانه‌وه ده‌ستپێئه‌كات كه ئاماژه‌م بۆ كردوون، گه‌وره‌ترین هه‌ڵه و نه‌هامه‌تی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكیش ئه‌وه‌یه كه دان به هه‌ڵه‌كانی خۆیدا نه‌نێ و به‌رده‌وام وابزانێ كه هه‌موو راستییه‌كان هه‌ر لای خۆیه‌تی و له‌مانه‌یش ناخۆشتر ئه‌وه‌یه داوای لێبووردن له قوربانییه‌كانی نه‌كات و هه‌ر سوور بێ له‌سه‌ر قسه‌كانی خۆی، ئه‌ی باشه ئه‌وه مێژووی دوور و نزیكی خۆمان و ده‌وروبه‌ر و دنیا هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك هه‌روا نه‌بووه؟! ئه‌ی باشه ئه‌زموون و فێربوون له‌و مێژووانه‌وه نابێ ببێته هۆی گۆڕان و وەر‌چه‌رخان و خۆنوێكردنه‌وه و فڕێدانی کاژی رابردوو؟! ئه‌ی باشه ئێره‌ش ناچێته ناو خانه‌ی ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌وه، كه رۆژێ له رۆژان هه‌مان قڵپبوونەوەی سیاسیش لێره رووبدات؟! ئایا هێز و له‌شكر و ئاسایش و پۆلیس وه‌ك ده‌رئه‌نجام توانیویانه ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه بپارێزن و قوتاریان بكه‌ن؟! به‌ڵام وه‌ختێ كه ئه‌و زریانانە هەڵیانکرد هیچ شتێ له به‌رده‌میاندا خۆی بۆ راناگیرێ و رائەماڵرێن!
به‌ڕێزینه: قسه زۆره و ئه‌م هاوارانه‌یش ده‌مێكه ئه‌كرێن، به‌ڵام گوێیان لێناگیرێ نه‌ك هه‌ر له هه‌ڵه‌بجه، له هه‌موو شار و شارۆچكه‌كانی تری كوردستاندا خەڵكی بێزارن و ژیانیان و گوزه‌رانیان خراپه، ئێستاش سه‌دان كه‌لاوه‌ی پاشماوه‌ی ته‌ختكردنی شاری قه‌ڵادزێ زه‌ق ئه‌چنه‌وه، جگه له‌م وێرانه‌ی سه‌ر ئه‌رزه، ناو ریزه‌كانی یه‌كێتیش، تووشی وێرانه‌ی دابڕان له یه‌كتری و تاخمبازی و ته‌كتول بازی بووه، كار گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی له هه‌ندێ ناوچه دوو مه‌ڵبه‌ند هه‌بێ و به ئیمزای دوو به‌رپرسی دوو مه‌ڵبه‌ند، كه ئه‌ویان ره‌نگه سه‌ر به فڵان و ئه‌ویتریان سه‌ر به فیسار بێ نووسراوه‌كان به‌رێئه‌كرێن. ئه‌مه پاشاگه‌ردانییه، لە گرێژنەچوونی رێکخستنەکانە، بێ سه‌روبه‌ری و په‌شێوی و داڕمانه.
به‌شێكی له‌به‌رچاوی ئه‌و كارگێڕ و ئه‌ندامانه بوونه‌ته مووچه‌خۆری حیزبه‌كه‌ی خۆیان و به‌بێ ئه‌و مووچه‌یه په‌نجه‌یه‌ك به ئاودا ناكه‌ن. سه‌ر و زمان و هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا چوون ئاغا و مسكێن وایه. وه‌ك هاووڵاتییه‌ك وتی: ئه‌وه چی ئه‌گه‌یێنێ به‌پێی ده‌فته‌ری تۆماركردنی ئه‌ندام تۆ سه‌دان هه‌زار ئه‌ندامت هه‌بێ و كه‌چی رۆژنامه‌ی (كوردستانی نوێ) كه زمان حاڵی یه‌كێتییه چه‌ند هه‌زارێكی به هه‌زار حاڵ لێبفرۆشرێ! یان له رووی گه‌نده‌ڵییه‌وه وه‌ك هاووڵاتییه‌كی تر وتی: باشه له سه‌رده‌می به‌عسدا له‌م شاره‌دا ره‌فیق حیزبییه‌كان چه‌ند كۆشك و ته‌لاریان هه‌بوو؟! چه‌ند دووكان و بازاڕیان هه‌بوو؟! به به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌كانی خۆماندا؟! له راستیدا ئه‌وه‌ی من ئه‌یزانم زۆر كه‌متره له‌وه‌ی خه‌ڵكی ئه‌یزانێ.. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی من نامه‌وێ لێره‌دا درێژه به‌وه بده‌م له ماوه‌ی پانزه ساڵدا ئه‌و كاره بنه‌ڕه‌تییانه چی بوون و كامانه‌ن كه له به‌رنامه‌ی خوێندنی قوتابخانەكاندا كران؟! تاوەكو ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش سیسته‌می خوێندنی ئێستای كورستان هی رابردووە و هەر هەناسە و میتۆدی به‌عسی تێدا ماوه. ره‌نگه مامۆستایه‌ك له‌م رووه‌وه زانیاری باشتری هه‌بێ و ئاگای له‌و هه‌موو كه‌لێن و بۆشاییانه بێت كه له‌و به‌رنامانه‌دا هه‌ن. زانكۆكانی كوردستان وه‌ك ئامێزێكی حیزبیان لێهاتووه، دامه‌زراندنی عه‌مید و لێپرسراوی به‌شه‌كان، گه‌لێكیان، له رێی حیزبی و ناسیاوی و زۆرجار له رێی تاقه به‌رپرسێكه‌وه به وه‌ره‌قه‌یه‌ك ئیشه‌كه‌ی رایی كراوه. چه‌ندین توانای گه‌وره روویانكردەوە زانكۆكان و به‌ڵام دواجار نا‌ئومێد بوون و واخه‌ریكه به‌شێكی به‌رچاویان به‌ره‌و ئه‌وروپا بگه‌ڕێنه‌وه. وێرانبوونه‌كه هه‌موو شوێنێكی گرتووەته‌وه. گه‌نده‌ڵییه‌كه بووه به په‌تای کینە و هه‌موو لایه‌كی گرتۆته‌وه. هه‌ڵه‌بجه ته‌نیا نموونه‌یه‌ك بوو، ئه‌گه‌ر چاره‌ی بنه‌ڕه‌تی نه‌كرێت، چاو به هه‌موو شتێك‌دا له گه‌وره‌وه بۆ بچووك نه‌گێڕدرێته‌وه، ئه‌وا سبه‌ی و دوو سبه‌یش له هه‌موو شار و شارۆچكه‌كانی كوردستاندا هه‌مان ئه‌و رووداوانه دووباره ئه‌بنه‌وه كه له كه‌لار و كۆیه و هه‌ڵه‌بجه و ئاكرێ روویاندا!!
به‌ڕێزینه: بۆ دانیشتوون و چاوه‌ڕێی چی ئه‌كه‌ن؟! یان چاكی كه‌ن یان پاكی كه‌ن! ئه‌گه‌ر پێشتان ناكرێ بڵێن پێمان ناكرێ و وازبێنن و بچنه‌وه ماڵی خۆتان. من بێ هیچ مه‌رامێك ئه‌م قسانه ئه‌كه‌م، قسه‌ی ساده، به‌ڵام وه‌ك حه‌قیقه‌ت خۆی راست و بێ پێچ و په‌نا. من دڵنیام له سه‌دا هه‌شتای ئه‌و راپۆرتانه‌ی كه له به‌رپرسه‌كانی تره‌وه به ئێوه ئه‌گات، یان به سكرتێری گشتی، هه‌ر هه‌مووی ناڕاست و نادروسته و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانی له پشته‌وه‌یه. من دڵنیام رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه هه‌ر هه‌مووی به پیلانی ئه‌ودیو سنوور و ده‌ستی ئیسلامییه‌كان و ئه‌م و ئه‌و له قه‌ڵه‌م دراون و به‌و جۆره‌یش سیناریۆكانیان نووسراون و خراونه‌ته به‌رده‌ستی به‌رپرسی هه‌ره‌باڵا. به‌ڵام تۆ بڵێی به‌رپرسی هه‌ره‌باڵا و ئێوه‌ش نه‌زانن جام پڕ بووه و لێی ئه‌رژێ؟! من بۆخۆم له دڵه‌وه پێمناخۆشه، ئا به‌مجۆره دراماتیكییه چ یه‌كیتی چ پارتیش گڵۆڵەیان وا لە لێژی یە، پێمناخۆشە ره‌نجی ده‌یان ساڵی رابردوو، ئاره‌قه و خوێنی ئه‌و هه‌موو تێکۆشان و شەهیدەمان وا خه‌ریکه بە خۆڕایی له‌ده‌ست بدرێ! من ئه‌مه جاری یه‌كه‌مم نییه چ به‌ره‌و روو له‌گه‌ڵ ئێوه و سكرتێری گشتیدا و چ به نامه مه‌ترسی بارودۆخی ناله‌باری خه‌ڵكی و وڵاته‌كه‌مان بخه‌مه پێش چاو. به تایبه‌تی له‌و دوو رێ‌یان و جومگه خه‌ته‌رناكانه‌دا كه ناكرێ تیایاندا بێده‌نگ بین. چونكه وه‌ك سه‌رئه‌نجام ئەم بنمیچە ئه‌گه‌ر بڕووخێ به‌سه‌ر هه‌مووماندا ئه‌ڕوخێ ! ره‌نگه بڵێن من زۆر ره‌ش بینم و یان زێده‌ڕۆیی له قسه و تێروانینما هه‌یه بۆ بارودۆخی ئه‌مرۆ و به‌و ده‌ره‌جه‌یه نییه كه من باسی ئه‌كه‌م. به‌ڵام ئه‌وه هه‌ر من نیم وا ئەڵێم. فه‌رموون خۆتان راسته‌وخۆ بچنه ناو خه‌ڵكه‌وه و گوێ‌بگرن. خۆ ئه‌گه‌ر خۆشتان بگۆڕن و نه‌ناسرێنه‌وه باشتر، بۆ ئه‌وه‌ی سڵتان لێنه‌كرێته‌وه.
فه‌رموون به‌و جۆره سواری تاكسیه‌كان بن و گوێ‌بگرن، بچنه ناو بازاڕ و رەشەخه‌ڵكه‌وه و گوێ‌بگرن، بچنه كۆڕ و كۆمه‌ڵی گه‌نجه‌كانه‌وه لێره و له هه‌موو قه‌زا و ناحییه‌كان و گوێ‌بگرن، قسه مه‌كه‌ن و گوێ‌بگرن، تێكه‌ڵ به كرێكار و حه‌ماڵ و زه‌حمه‌تكێش و خوێندكار و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ریش بن و گوێ‌بگرن، بچنه سه‌ر قه‌برانه‌كان و گوێ له دایكان و بێوه‌ژنان و بێ به‌شه‌كان بگرن، بچنه ناو كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌وه، خۆتان بچن شتومه‌ك له بازاڕ بكرن و گوێ له خه‌ڵك بگرن و بزانن گرانی گه‌یشتووه‌ته كوێ؟!
هه‌ر به دزییه‌وه بێ حیمایه و بێ هه‌را و زەنای ده‌وروبه‌ر، بڕۆن سه‌رێك له قه‌ڵادزێ بده‌ن و بچنه پێنجوێن و شاره‌زوور و گه‌رمیان وته‌ماشا بكه‌ن و ئینجا دوای ئه‌وه وه‌رنه‌وه و له‌نێو خۆتاندا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بكه‌ن و راستییه‌كان بخه‌نه سه‌ر مێز و بڕیاری خۆتان بدەن!
به‌ڕێزینه: كه (دادپه‌روه‌ری) نه‌بوو نه دیموكراسی هه‌یه و نه ئازادی. كه (برسێتی) هه‌بوو نه كه‌س نیشتمان ئه‌ناسێ و نه حیزب و نه سه‌ركردایه‌تی. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گه‌نجێك له هه‌ڵه‌بجه هیچی نه‌بوو، پاره و پوولی نه‌بوو، كارێكی باشی نه‌بوو، ماڵی نه‌بوو، ژنی نه‌بوو، شوێنێكی بۆ وه‌رزش و چه‌ند شوێنی بۆ خوشی ژیان و وه‌خت به‌سه‌ربردن و هه‌ناسه‌دان نه‌بوو، ئه‌ی ئیتر چی بوێت؟! به‌ڵێ سووتاندنی مۆنۆمێنته‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه کارێکی ناخۆش بوو تاسەر ئێسقان ئازاری داین. ئه‌وه ته‌نیا مۆزه‌یه‌كی نیشتمانی گه‌وره‌ی ئێمه بوو كه خه‌ڵكی له هه‌موو دنیاوه رووی تێبكه‌ن و له‌ویه‌وه هه‌ڵه‌بجه و كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه و كیمیابارانه‌كه و به‌عس و رژێمی دیكتاتۆر بناسن. به‌ڵام به‌ڕێزینه: ماکی ئه‌م سووتاندنه، هۆی سه‌ره‌كی ئه‌م سووتاندنه بۆ خۆمان ئه‌گه‌رێته‌وه، بۆ ساڵانی پێشتر ئه‌گه‌رێته‌وه،.....................له ژیان و گوزه‌ران ئه‌گه‌ڕێتـه‌وه.
"ئاگری بن كا" كه هی ئه‌و رۆژه نه‌بووە، له ده‌مێكه‌وه ئه‌و ئاگره هه‌بووه، به‌ڵام ئێمه به ته‌نگه‌وه نه‌بووین، من پێموایه ئه‌و كاری سووتاندنه "جۆرێك بووه له خۆكوژی" ئه‌وكاته‌ی ئینسانێك ئه‌گاته ئه‌و لێواره‌ی كه ئیتر هیچ ئومێدێكی به ژیان نامێنێ، جا ئیتر له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت ده‌ستی ئه‌چێته خۆی و كۆتایی به ژیانی دێنێ و ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ش شتێك نامێنێ لای ئه‌و كه‌سه پێی بوترێ پیرۆز و جوان و موڵكی نیشتمان! ئایا سووتاندنی ئه‌و یادگاره جۆرێك نه‌بووه له‌و ئینتیحاره؟! ئه‌وه ئێمه بووین ئینتیحارمان پێكردوون! ئێمه بووین نه‌چووین به‌ده‌م هاوار و زووخاوەوە له دڵی ئه‌وانه‌وه، پێش خۆكوشتنه‌كه. ئێمه بووین و به‌رپرسان بوون، ده‌سه‌ڵات بووه، پێشوه‌خت نه‌چووین به‌ده‌م ئازاری ده‌ركردنی ئه‌و دوومەڵی و وەرەمەوە تاوەكو لێی پیس كردووین و تاوەكو له‌دواییدا به‌و ده‌رده‌ی بردین! به‌كورتی ئه‌م سیسته‌می سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌ی له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دایه، داڕزاوه، سەرلەبەری پێویستی بە تێکدانەوە و هەڵگێڕانەوە و دروستکردنەوە هەیە. ئه‌گه‌ر نا من دڵنیام رۆژگاری زۆر تاریكمان له‌به‌رده‌مەوەیه!
لە خۆم ناڕازیم
به‌ڕێزینه: له دواییدا ئه‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم: من نامه‌وێ خۆم یان رووناكبیران به گشتی له به‌رپرسیارێتی بكه‌مه ده‌ره‌وه، چونكه كه‌م تا زۆر هه‌موومان به‌شدارین له‌م چاره‌نووسه‌دا. من خۆم یه‌كێك بووم له‌و كه‌سانه‌ی نزیكی ئێوه بووم، ئه‌شێ هه‌ندێ جار وه‌ك پێویست نه‌متوانیبێ كاری ره‌خنه‌گرتنی خۆم به چاكی جێبه‌جێكردبێ. له هه‌ندێ سیاسه‌تی هه‌ڵه‌دا له‌گه‌ڵتاندا بووم. یان هه‌ندێ جار سه‌رم بۆ له‌قاندبن و قسه‌م نه‌كردبێ له‌و كاتانه‌دا كه پێویست بووه قسه بكه‌م. ئه‌شێ له هه‌ندێ هه‌ڵوێستدا ترسنۆك بووبم و نه‌چووبێتمەوە به گژ مەسئولی به‌رامبه‌ردا. یان له كات و ساتی خۆیدا له‌سه‌ر دیارده خراپه‌كان نەمنووسیبێ. هه‌ندێ جاری تر موجامه‌له‌ی درۆم كردبێ. من ددان به‌و هه‌ڵه‌یه‌ی خۆیشمدا ده‌نێم كه ئه‌بوو ئه‌م نامه‌یه‌م زووتر بنووسیایە. من له خۆم ناڕازیم، چونكه ئه‌متوانی جگه له شیعر و ئەدەب، تێكه‌ڵاویشم له‌گه‌ڵ گه‌نجانی وڵاته‌كه‌مدا به‌هێزتر بێ و له نزیكتره‌وه ئاگام له كێشه‌كانیان بێت. من هیچ پاساوێ بۆخۆم ناهێنمه‌وه، له‌وه‌دا كه ئه‌بوو زمانی ره‌خنه‌گرتنم له ده‌سه‌ڵات و حوكمڕان زۆر زیاتر و تیژتریش بووایه. ئه‌بوایه شیعری ره‌خنه‌ییم زۆرتر بووایه. ئه‌بوایه زۆر زیاتر له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و مشه‌خۆری و به‌رپرسی نامه‌سئول بمنووسیایه. من به تووندی ره‌خنه له خۆم ئه‌گرم كه ئه‌بوایه هه‌ندێ مه‌سئولم هەر نه‌ناسیبایه، مه‌رحه‌بام نه‌كردنایه و نانم نه‌خواردنایه. من ره‌خنه له خۆم ئه‌گرم كه چه‌ند جارێ دڵپاكی شاعیرانه‌م به‌هه‌ڵه‌دا بردوومی و تووشی كۆڵانی ده‌رنه‌چووی كردووم. من پیاوێك نیم بۆ سیاسه‌ت دروستبووبم و له راستیدا عاتیفیم و ئه‌مه‌ش زۆرجار زیانی پێگه‌یاندووم!
به‌ڕێزینه: من لێره‌دا كۆتایی به‌م نامه‌یه ئه‌هێنم كه مه‌به‌ست له نووسینی ته‌نها له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وره‌ی میلله‌ته‌كه‌مه‌وه هاتووه و هیچی تر. من ناتوانم ره‌خنه نه‌گرم و ناشمه‌وێ له‌و كه‌سانه بم ده‌ست به كڵاوی خۆیانه‌وه ئه‌گرن و له راستیدا كڵاوێكیشم ناوێت ببێ به كڵاوی بێده‌نگییه‌ك كه مردن له‌و باشتره. سوپاس!.
شیركۆ بێكه‌س
سلێمانی 26-3-2006