کۆمپانیایەکی کوردی بە مەبەستی
ریکلامکردن بۆ بەرهەمەکانی کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت "داون"
بەکاردەهێنێت، وتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤیش دەڵێت، " بەکارهێنانی کەسانی خوار
تەمەن ١٨ ساڵان و خاوەن پێداویستی تایبەت بەبێ رەزامەندنی کەسوکارەکەی
قەدەغەیە".
ئەمڕۆ شەممە، ١٦ی کانوونی دووەم، محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی دەستەی مافی
مرۆڤ بە BMC راگەیاند، بەکارهێنانی کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵان و خاوەن پێداویستی تایبەت بەبێ
رەزامەندی کەسوکارەکەی بۆ کاری ریکلام و بازرگانی قەدەغەیە و پێچەوانەی یاساکانی
مافی مرۆڤە.
ناوبراو راشیگەیاند، ئەگەر کەسوکاری ئەو منداڵانە یاخود ئەو کەسە خاوەن
پێداویستییە تایبەتە سكاڵا دژ بەو کۆمپانیا و لایەنانە تۆمار بکەن رووبەڕووی
رێکاری یاسایی دەبنەوە، بەڵام ئەگەر بە پێی گرێبەستی نێوان کەسوکارەکەی و
کۆمپانیاکە ئەو کارە کرابێت ناتوانرێت هیچ رێکارێکی یاسایی بگیرێتەبەر.
بە مەبەستی بەدواداچوونی زیاتر بۆ ئەو بابەتە، BMC چەندین جار هەوڵیدا پەیوەندی
بە کۆمپانیاکەوە بکات، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.