لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند: پێداگری لەسەر دووپاتکردنەوەی
گرنگی جێبەجێکردنی لامەرکەزی لە هەرێمی کوردستان دەکەین و چاوەروانی حکومەتی هەرێمین بۆ
جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٧ی کانوونی دووەم، لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک
نوسیویەتی، لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسێکەوە بەشداریمانکرد لە کۆبوونەوەی مەکتەبی پەیوەندییەکانی
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتی لە وڵاتانی دەرەوە، پێداگری یەکێتییمان
دووپاتکردەوە لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزیی بۆ پێشکەشکردنی
خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕامانگەیاند لە چوارچێوەی
ڕێککەوتنی نێوانمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان چاوەروانی حکومەتی هەرێمی
کوردستانین بۆ جێبەجێکردنی لامەرکەزیی دارایی و کارگێڕی لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم.
هاوسەرۆکی یەكێتیی ئەوەشیخستەڕوو، لە
کۆبوونەوەکەدا ئاماژەمان بە سەردانەکانمان کرد بۆ بەغدا و دیدار و کۆبوونەوەکانمان
لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدەستهێنانی
ڕەزامەندی لایەنەکان و حکومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و
تێپەڕاندنی پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١.