فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق پەیامێکی لەبارەی بودجەی ٢٠٢١ بڵاوکردەوە

کوردستان 18/01/2021

Alternate Text

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەین ڕێككەوتنەكەی لە بەغداد جێبەجێ بكات و حکومەتی عێراقیش مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، ١٨ی کانوونی دووەم، ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە پێناو دەربڕینی نیازپاکی پێویستە حکومەتی هەرێم بڕی دیاریکراوی نەوت لە بودجە رادەستی سۆمۆ بکات رێککەوتنەکانی لەگەڵ بەغدا جێبەجێ بکات.

هاوکات، راشیگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراقیش مووچە و شایستەدارییەکانی هەرێم رەوانە بکات و تەواوی بەرپرسیارێتییەكانی جێبەجێ بكات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا هاوڵاتیان و مووچەخۆرانی کوردستان گیرۆدەی قەیرانێکی سەختی دارایی بوونەتەوە و کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند کاریگەری لەسەر ژیان و قوتی هاوڵاتیان دروستکردوە.

شایەنی باسە، بە پێی دوایین رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند، حکومەتی هەرێم لە بەرامبەر رادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە و نیوای داهاتە نانەوتییەکانی، بەغدا ١٢.٦٤٪ی کۆی گشتی بودجەی عێراق رەوانەی هەرێم دەکەن.

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا