یەکێتی دەقی پرۆژەی لامەرکەزی بڵاوکردەوە

کوردستان 18/01/2021

Alternate Text

ناوەندی کاروباری یاسایی یەكێتی دەقی رەشنووسی پرۆژەی لامەرکەزی بڵاوکردەوە کە پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کردبوو.

دەقی پڕۆژەكە:  
ڕەشنووسی پەیڕەوی ژمارە (    ) ساڵی ٢٠٢٠  

پەیڕەوی نا ناوەندێتی بەڕێوەبردن و دارایی لەهەرێمی كوردستان – عێراق  

پاڵپشت بە بڕگەی ( ٣ ) لەمادەی ( هەشتەم ) لە یاسای ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ( ٣ )ی ساڵی ١٩٩٢ هەمواركراو، و ئاماژە بە ئاستی كارگێڕی هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، و پشت بەستن بەیاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە ( ٣ ) ساڵی ٢٠٠٩، و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان لە هەرێمی كوردستان ژمارە ( ٤ )ی ساڵی ٢٠٠٩، و یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە ژمارە ( ١ )ی ساڵی ٢٠١٥، و بڕیاری پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە پاڵاوتن و پەسەندكردنی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان ژمارە ( ١ )ی ساڵی ٢٠١٥، و پشتبەستن بە ئەحكامی مادەكای ( دووەم ) و ( پێنجەم ) و ( شەشەم ) لەیاسای ژمارە ( ٣ )ی ساڵی ٢٠٠٩، و بەمەبەستی ڕێكخستنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و كارگێڕییان لەهەرێمدا و پەرەپێدانیان، و لەپێناو بەدیهێنانی پرەنسیبی ناسەنتەرت لە دابەشكردنی دەسەڵاتەكان بەمەبەستی ئاسانكاری و چاككردنی گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتیەكان بە هاوڵاتییان و پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەكانی دانیشتوانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لەسەر بنەمای دادپەروەری و شایستەبوون، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ژمارە (   ) لە ڕۆژی (    /     /٢٠٢٠ ) ئەم پەیڕەوەی خوارەوەی دەركرد:  

مەبەست لە ناناوەندێتی بەڕێوەبردن و ئامانجەكانی  
مادەی یەكەم  / 
بۆ مەبەستەكانی ئەم پەیڕەوە ( ناناوەندێتی بەڕێوەبردن ) بریتییە لەدابەشكردن و دابەزاندنی دەسەڵاتە كارگێڕی و دارایی و تەكنیكی و یاساییەكان لەنێوان حكومەتە خۆجێیەكان و دامەزراوە ناوەندییەكان لە هەرێمی كوردستان .  

مادەی دووەم  / 
ئامانجەكانی ئەم پەیڕەوە بریتین لەمانەی خوارەوە :  

١- چەسپاندنی لامەركەزییەتی ئیداریی پارێزگاكان و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و دابەشكردنی ئەرك و بەرپرسیارێتی.

٢- نەهێشتنی ڕۆتین و خێرا ڕاپەڕاندنی كاری هاوڵاتییان

٣- زامنكردنی دابەزاندن و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتە كارگێڕی و دارایی وتەكنیكی و یاساییەكان لە وەزارەت و دەستە و دەزگا و ئەنجومەنە ناوەندییەكان بۆ فەرمانگەكان و سنوری پارێزگاكان و یەكە كارگێڕییەكان.

٤- زامنكردنی دابەشكردنی داهاتە گشتییەكان لەهەرێم لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لەسەر بنەمای دادپەروەری و شایستەبوون.

مادەی سێیەم /  
1- دابەشكردن و دابەزاندنی ئەو دەسەڵاتە كارگێڕی و دارایی و تەكنیكی و یاساییانەی لەخشتەی هاوپێچی ئەم پەیڕەوە هاتوون بە پارێزگار كە لانی كەم دەسەڵاتەكانە و دەكرێت دەسەڵاتی زیاتر لەوانەش دابەزێندرێت .  

2- پێویستە لەسەر پارێزگار بەشێك لەدەسەڵاتەكانی هاتوو لەبڕگەی ( ١ )ی سەرەوە دابەزێنێت بۆ سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان.  

3- خشتەی هاوپێچكراوی ئەم پەیڕەوە هەمان ‌هێزی پاپەندكاری پەیڕەوەكەی هەیە.  

مادەی چوارەم /  
یەكەم : داهاتەكان  
تۆماركردنی سەرجەم داهاتی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بەجیا لە ئەژمارێكی بانكی تایبەت بە پارێزگا یان ئیدارەی سەربەخۆ كە لەم سەرچاوانەی خوارەوە بەدەستدێت:  

1- داهاتە نانەوتی و گازییەكان .  
1- باجەكان .  
2- گومركەكان .  
3- رسومات .  
4- داهاتە جۆربەجۆرەكانی خزمەتگوزاری دەروازە سنوورییەكان .  
5- داهاتی بەكرێدان و موساتەحە و فڕۆشتن و ڕەفتاركردن بە موڵك و ماڵی گشتی گواستراوە و نەگواستراوە .  
6- سزا داراییەكان ( غرامات )  
2- بەخشین و هاوكاریی و پیتاكی بەخشراو .  
3- بەشە بودجەی پارێزگا لە بودجەی گشتی ساڵانەی عێراقی فیدڕاڵ .  

دووەم /  
 هەموو قۆناغەكان و چالاكییەكانی پەیوەست بە پرۆسەكانی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەكان بە هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ پارێزگا، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆ ئامادەی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباەی نەوت و گاز دەبێت لەكاتی گفتوگۆكردن و بڕیاردان لەسەر ئەو قۆناغ و چالاكییەی دەكەوێتە سنوری جوگرافیاكەی و بەپێی تایبەتمەندیتی بۆ زامنكردنی بەشداری لەبڕیاردان و دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی و پاراستنی بەرژەوەندی دانیشتوانەكەی .  

مادەی پێنجەم /  
خەرجیەكان  
لەدوای داشكاندنی بڕێك لەداهاتی ناوخۆی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان كەبەدەستدەهێنرێن لە سەرچاوەكانی هاتوو لەمادەی ( چوارەم )ی ئەم پەیڕەوە، بۆ مەبەستی بەشداری لەخەرجییەكانی بەكاربردنی دامودەزگا ناوەندییەكانی سەر ئاستی هەرێم و تەواوكاریی تەرخانكراوی سەرباری بۆ مووچە و خەرجییەكانی كارەبا بەپێی ڕێژەی دانیشتوانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ و بەپێی ڕێككەوتن، ئەوا پارێزگا  و ئیدارەی سەربەخۆ دەسەڵاتی خەرجكردنی ئەمانەی لای خوارەوەی دەبێت لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییە داراییەكان دوای داڕشتنەوەی ئەو ڕێنماییە داراییانەی بەجۆرێك لەگەڵ ئەحكامەكانی ئەم پەیڕەوە بگونجێت :  

1- خەرجكردنی بودجەی بەكاربردنی پەسەندكراوە ( جگە لەمووچە ) لەسنوری پارێزگا .  
2- خەرجكردنی بوودجەی وەبەرهێنان بە پەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا .  

مادەی شەشەم /  
1- بەمەبەستی جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەم پەیڕەوە ئەنجومەنێك پێكدێت بەناوی ( ئەنجومەنی هەماهەنگی لەگەڵا حكومەتە خۆجێتییەكان ) بەسەرۆكایەتی ( سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ) و جێگرایەتی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، و ئەندامێتی هەریەك لە ( وەزیری دارایی و ئابووری ، وەزیری سامانەسروشتییەكان ، وەزیری ناوخۆ ، وەزیری پلاندانان ، سەرۆكی دیوان ، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ، پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان ) كە دواتر بە پەیڕەوێكی ناوخۆیی وردەكاری ئەم ئەنجومەنە ڕێكدەخرێت .  

2- ئەم ئەنجومەنە كاردەكات بۆ :  
1- چۆنیەتی و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان.  
2- چاودێری جێبەجێكردنی دەسەڵاتەكان لە پارێزگاكاندا .  

مادەی حەوتەم /  
لەكاتی دروستبوونی هەر دۆخێكی نەخوازراو كە ببێتە هۆی ئەوەی بودجەی ساڵانە پەسەند نەكرێت لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، ئەوا ئەو پارێزگایە پڕۆژە بودجەكەیان بەركار دەبێت .  

مادەی هەشتەم /  
پارێزگار دەسەڵاتی دەركردنی ڕێنمایی هەیە دوای پەسەندكردنی لە ئەنجومەنی پارێزگا بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی دەسەڵاتەكان .  

مادەی نۆیەم /  
لەكاتی دەركردنی هەر پەیڕەو و بڕیارێك لە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ كاریگەری هەبێت لەسەر بڕگە و مادەكانی ئەم پەیڕەوە، دەبێت ڕەزامەندی پارێزگاكە وەربگرێت .  

مادەی دەیەم /  
كار بەهیچ پەیڕەو و بڕیار و ڕێنماییەك ناكرێ بە پێچەوانەی بڕگە و مادەكانی ئەم پەیڕەوە بێت .  

مادەی یانزەیەم /  
 ئەم پەیڕەوە جێبەجێ دەكرێت لەڕۆژی پەسەندكردنییەوە .  

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا