بەڕێوەبەری گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان رایگەیاند، ساڵی
رابردوو ٢٦ هەزار و ١٣٤ خێزانی کەمدەرامەت لە لایەن گروپی کۆمپانیاکانی قەیوانەوە
هاوکاریکران.
فاخیر شێخ تەیب، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی
کۆمپانیاکانی قەیوان رایگەیاند، وەک بەرپرسیارەتییەکی کۆمەڵایەتی، ئاینی و مرۆیی، ساڵی
رابردوو ٢٦ هەزار و ١٣٤ خێزانی کەمدەرامەت لە لایەن گروپی کۆمپانیاکانی قەیوانەوە
هاوکاریکران، بە جۆرێک کە هەزار و ٢٤ خێزان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و
هەڵەبجە بوونە و مووچەی بەردەوامیان بۆ دابینکراوە.
ناوبراو راشیگەیاند، لە مانگی رەمەزان،" جەژنی قوربان و
کاتی کەرەنتینەدا سەبەتەی خۆراکمان بۆ ١٧ هەزار و ٦٩٧ خێزان دابینکردووە، لە هەردوو
وەرزی پایز و زستانیشدا سوتەمەنی بۆ پێنج هەزار و ٣٣٠ خێزان دابینکرا ".
ئاماژەی بەوەشکرد، بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشی، هاوکاری هەزار و ٦٤٨ هاوڵاتی نەخۆشکراوە و هەندێکیان رەوانەی دەرەوەی وڵاتکراون.
ئەوەشیخستەڕوو، هاوکاری دارایی پێشکەشی ٤٣٥ خێزانی
کەمدەرامەت کراوە، بە نۆژەنکردنەوەی خانووەکانیان، یان دابینکردنی پێداویستی
ماڵەکانیان.
هاوکات، ئاشکراشیکرد، لە ساڵی ٢٠٢٠ گروپی کۆمپانیاکانی
قەیوان رۆڵێکی گرنگی بینی لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، بۆ ئەم مەبەستەش بڕی یەک
ملیۆن دۆلاری بەخشیە حکومەتی هەرێم.