دوای ئەوەی لە ١٠ی ئەم مانگەدا ٢٢ کرێکاری کانێکی ئاڵتون لە چین لە ژێر زەویدا گیریان خواردووە، تا ئێستا نەتوانراوە رزگاربکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی کانوونی دووەم، میدیای چینییەکان لە زاری حکومەتەوە رایانگەیاند، هێشتا ئەو ٢٢ کرێکارەی لە کانێکی ئاڵتوندا لە باوچەی هوشان لەنزیک شاری کیشیا لەهەرێمی شانگدۆنگ بەهۆی تەقینەوەیەک لە ژێر زەویدا گیریان خواردبوو، تا ئێستا رزگارنەکراون.
سەرباری ئەوەش ، کرێکارەکان بە دوو گروپی جیاواز گیریان خواردووە کە ١١ کەسیان لە قوڵی ٣٥٠ مەتر دان و ١١ی دیکەش لە قوڵی ٤٠٠ مەتر، بەڵام تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە پەیوەندی بە گروپێکیانەوە بکەن و لە سەلامەتیان دڵنیابن کە لە نامەیەکی مۆبایلدا کریکارەکان وتویانە "بەردەوام بن لە هەوڵی رزگارکردنمان و ئێمە گەشبینین"، بەڵام ئەو گروپەی دیکە هێشتا روون نییە لە ژیاندا ماون یاخوود گیانیان لەدەستداوە.
لەگەڵ ئەوەشدا تیمە فریاگوزارییەکان بەردەوامن لە ناردنی خواردن و پێداویستی مانەوە بۆ ئەو گروپەی کە ماون تا ئەو کاتەی رزگاردەکرێن.