وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم وەڵامی بەغداد دەداتەوە و ئاشکرایدەکات داواکردنی رادەستکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم، نا دەستوورییە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، وەزیری نەوتی فیدراڵی وتوویەتی، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێم بەرزە و نەوتی هەرێمی کوردستان بە ١٠ دۆلار کەمتر لە نرخی نەوتی خاوی عێراق دەفرۆشرێت،کە ئەمە چەند هۆکارێکی هەیە، لەوانە پێکهاتە و سروشتی ئاڵۆزی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکە کە تێچووی دەرهێنانی زیاتر بێت لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق.
ئاشکراشیکردووە، بە هۆی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لە لایەن حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ نەوتی هەرێم دروست دەکرێت، نرخی نەوتی هەرێم کەمترە لە نرخی بازاڕەکانی جیهان.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا هاتووە، هەرێمی کوردستان پابەندبووە بەو بڕەی بۆی دیاریکراوە کە 430 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە، لە کاتێکدا هەرێم تەنیا نزیکەی بیست و پێنج هەزار بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی داناوە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی یەک ملیۆن بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆییە.
سەبارەت بە نەوتی کەرکوکیش جەختلەوەکراوەتەوە، کەرکووک بە پێی دەستوور، ناوچەیەکی کێشە لەسەرە و پێویستە بە پێی ماددەی 140 خاوەندارێیتی ئەو ناوچانە چارەسەر بکرێت.