مەسرور بارزانی: نابێت سیاسەتی برسیکردن لە دژی مووچەخۆرانی هەرێم بەکاربهێندرێت

کوردستان 20/01/2021

Alternate Text

مەسرور بارزانی رایگەیاند، پێویستە بابەتی مووچە دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی و نابێت مووچە بکرێتە کارتێکی فشار لە دژی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی برسیکردن لە دژی مووچەخۆرانی هەرێم بەکاربهێندرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٠ی کانوونی دووەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلۆماتی وڵاتان لە هەرێم رایگەیاند،" بەردەوام کارمانکردووە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت و هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن ".
ناوبراو راشیگەیاند،" هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ".
سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد،" هەموو پابەندبوونەکانی خۆمان جێبەجێکردووە بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هەموو هاوڵاتییانی عێراقدا بێت ".
هاوکات، ئەوەشیخستەڕوو، هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیرییە لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەرەپێدانی پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی.
لای خۆشییەوە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا کەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایگەیاند، سەرباری ئەوەی رادەستکردنی داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە بەغدا کارێکی نادەستووریە، بەڵام لە پێناو رێککەوتنی گشتگیر لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند، ئامادەی رادەستکردنی داهاتی ئەو بڕە نەوتەین بە حکومەتی فیدڕاڵی.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا