تەندروستی هەڵەبجە: ساڵی رابردوو ٢٥٧ کەس گیانیان لەدەستداوە

کوردستان 20/01/2021

Alternate Text

وتەبێژی فەرمانگەی تەندروستی هەڵەبجە رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی رابردوودا ٢٥٧ حاڵەتی گیانلەدەستدان لە سنوری پارێزگای هەڵەنجە تۆمارکراوە، کە ١٤٣ کەسیان بەهۆی کۆرۆناوە بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، شاناز نەقشبەندی، وتەبێژی فەرمانگەی تەندروستی هەڵەبجە ئاماری ساڵی رابردووی چالاکییەکانی سنوری پارێزگاکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ساڵی رابردوو هەزار و ٧٦٩ حاڵەتی لەدایکبوون تۆمارکراون، ٢٥٧ کەسیش گیانیان لەدەستداوە، کە ١٤٣ حاڵەتیان بەهۆی کۆرۆناوە بووە، هەزار و ٤٠١ نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە ئەنجامدراون.
ناوبراو راشیگەیاند، ٤٣ هەزار و ٩٣ کەس سەردانی نەخۆشخانەی بەشی راوێژکارییانکردووە، بەشی داخڵبوونی نەخۆشخانە ٤ هەزار و ٤١٢ کەس سەردانیکردووە، ٩٨ هەزار و ٢٠٤ کەسیش سەردانی مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکانیان کردووە، ١٧ هەزار و ٩٧١ نەخۆشیش داخڵی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکان کراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەزار و ٦٥٤ نەخۆش شوشتنەوەی گورچیلەیان بۆ ئەنجامدراوە، ٩ هەزار و ٧٢٠ سەردانیکەری سەنتەری ددانیش تۆمارکراون.
هاوکات، ئەوەشیخستەڕوو، کۆی گشتی خەرجی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە بە مووچەوە ١٠ ملیار و ٥٤٩ ملیۆن دینار، داهاتەکانیش ٣٠٩ ملیۆن دینار بووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا