مەسرور بارزانی رایگەیاند، بە مەبەستی جێگیرکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢١ی عێراق، هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی
هەرێم سەردانی بەغدا دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٠ی کانوونی دووەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و جێگیرکردنی پشکی کورد لە بودجەی ٢٠٢١ی عێراق سەردانی بەغدا دەکات.
بڕیاری ناردنی شاندی حکومەتی هەرێم لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا خوێندنەوە بۆ پرۆژە بودجەی ٢٠٢١ی عێراق لە لایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە بەردەوامە، کە پشکی کورد بە ١٢.٦٧٪ی کۆی گشتی بودجەی عێراق دیاریکراوە.
شایەنی باسە، لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو
شاندی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، پاش دوو هەفتە مانەوەی لە بەغدا،
رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی بودجەی ٢٠٢١ راگەیاند، بە پێی ئەو رێککەوتنەش پێویستە لەبەرامبەر رادەستکردنی داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و نیوەی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم،
بەغدا ١٢.٦٧٪ی کۆی گشتی بودجەی عێراق رەوانەی هەرێم بکات، بەڵام پێویستە
پەرلەمانی عێراقیش ئەو رێککەوتنە پەسەند بکات.