دوێنێ چوارشەممە ٢٠ی کانوونی دووەم، بە سوێند خواردنی
کامالا هاریس، بووە یەکەم ژن و یەکەم هاوڵاتی ئەمریکی رەش پێست و بە رەچەڵەک
ئاسیایی کە دووەم باڵاترین پۆستی ئەمریکا وەربگرێت، کە ئەویش جێگری سەرۆکی
وڵاتەکەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بیرووڕا هەیە کە دەڵێن لە دوا چوار
ساڵی دیکە هاریس دەچێت شوێنەکەی بایدن، ئەویش بەهۆی ئەوەی بایدنی تەمەن ٧٨ ساڵ
بەهۆی تەمەن و کێشەی تەندروستییەوە نەتوانێت کارەکانی بپەڕێنێت.
لە ژیانی پیشەییدا هاریس چەند پلە و پۆستێکی باڵای هەبووە،
وەک ئەوەی بۆ ماوەی چوار ساڵی رابردوو ئەندامی ئەنجومەنی یران بوو، هەروەها پێش
ئەوەش یەکەم ژن بوو کە پۆستی داواکاری گشتی شاری سان فرانسیسکۆی بەدەستهێنا، و
یەکەم ژنی رەش پێستیش بوو کە بووە داواکاری گشتی کالیفۆرنیا.
سەرباری ئەوەی هاریس لە ئەنجومەنی پیران کشایەوە، بەڵام
بەهۆی ئەوەی جێگری سەرۆکی ئەمریکایە ئەوا دەچێتە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پیران،
بەو هەنگاوەش زۆرینەی دەسەڵاتی ئەنجومەن لای دیموکراتییەکان دەبێت.
بەهۆی ئەوەی هاریس شارەزای بواری یاسایە، دەکرێت ببێتە
هۆی هاوکارییەکی زۆر بۆ بایدن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پەیوەندی رەگەزپەرستی و
نایەکسانی لە نێوان رەگەزەکاندا.
کامالا هاریس منداڵی ژن و پیاوێکە کە لە هیندستان و جامایکاوە روویان لە
ئەمریکا کردووە، بووە ئەو هاریسەی ببێتە یەکەم ژن و یەکەم ژن کە سپی پێست نەبێت
پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەدەستبهێنێت