منداڵە فڕێدراوەکەی کەرکوک؛ زەکەریا چارەنووسێکی نادیار چاوەڕێی دەکات

ڕاپۆرت 01/02/2021

Alternate Text

لە کاتێکدا هەمووان لەم وەرزەدا بە دوای پەناگەیەکی ئارام و گەرم بۆ حەوانەوەیان دەگەڕێن، بەڵام لە ئێوارەیەکی ساردی رۆژی شەممەی رابردوو منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە گەڕەکی وحدەی شاری کەرکوک لە نێو کارتۆنێک فڕێدەدرێت و هاوشێوەی دەیان منداڵی دیکە بووەتە قوربانی هەڵەی گەورەکان.

پاش فڕێدانی ئەو منداڵە لە لایەن کەسوکارییەوە خێزانێک دەیدۆزنەوە و بنکەی پۆلیسی عروبەی لێ ئاگادار دەکەنەوە. 

زانا جەبار، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکوک بۆ BMC دەڵێت، ئێستا منداڵەکە لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە، سەرەتای گەیاندنی بە نەخۆشخانە دۆخی تەندروستی خراپ بوو، بەڵام ئێستا دۆخی باشترە و پرۆسەی شۆرینەوەی گەدەی بۆ ئەنجامدراوە.

" منداڵەکە لە رەگەزی نێرە و لە دەفتەری تۆماری نەخۆشخانە بەناوی زەکەریا ناونووس کراوە، کارمەندەکانیش بەباشی چاودێری دەکەن"، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکوک وای وت.

ئەو منداڵانەی لەلایەن کەسوکاریانەوە فڕێدەدرێن بەگوێرەی یاسای نەوجەوانانی عێراقییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، گەورەترین ئاستەنگیش بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسیان نەبوونی خانەی بێ سەرپەرشتیارانە لەکەرکوک.

ئاری جەباری، پارێزەر لە دادگای کەرکوک بە BMC وت، بە گوێرەی یاسای ژمارە ٧٦ی ساڵی ١٩٨٣ی تایبەت بە یاسای چاودێری نەوجەوانانی عێراقی هەر منداڵێک رەچەڵکی دیار نەبێت، یاخود دایک و باوکی لە ژیاندا نەمابن، دەبێت ئەو خێزانانەی ئارەزووی لەخۆگرتنی منداڵەکە دەکەن داواکاریەک پێشکەش بە دادگا بکەن و بە پێی کۆمەڵێک مەرج منداڵەکە بەو خێزانانە دەبەخشرێت کە لە رووی مادیی و عەقڵییەوە توانای بەخێوکردن و پاراستنی ژیانی منداڵەکەیان هەبێت.

ئاری جەباری وتیشی، پێش بەخشینی ئەو منداڵە بەو خێزانانەی ئارەزووی بەخێوکردنی دەکەن دادگا لێکۆڵینەوە لەبارەی کەسایەتییان دەکات، چونکە هەندێک جار بەمەبەستی کاری خراپ ئەو منداڵانە بەخێودەکرێن و دواتر بازرگانییان پێوە دەکرێت.

"بەپێی یاسا ئەگەر هیچ خێزانێکی شایستە بۆ بەخێوکردنی ئەو منداڵە نەبێت دادگا رەوانەی خانەی بێ سەرپەرشتیارانی دەکات، بەڵام گەورەترین گرفت بۆ ئەو بابەتە نەبوونی ئەو خانەیەیە لەکەرکوک و تەنها لە پارێزگاکانی موسل، ناسریە، و بەغدا بوونی هەیە و رەوانەی ئەو شوێنانە دەکرێن" ئەو پارێزەرە وا دەڵێت.

بە گوێرەی ئامارەکانی لقی کەرکوکی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق تەنها لە ماوەی ساڵی رابردوودا سێ منداڵی تازە لەدایکبوو و زیاتر لە چوار منداڵ لە نێوان تەمەنەکانی دوو بۆ ١٠ ساڵان لەکەرکوک فڕێدراون.

سەجاد جومعە، بەرێوەبەری لقی کەرکوکی کۆمیسۆنی مافی مرۆڤی عێراقی رایگەیاند، لە حاڵەتی فڕێدانی منداڵان چاودێری پرۆسەی رادەستکردنی ئەو منداڵانە بەو خێزانانە دەکەین کە داواکاری بەخێوکردنی ئەو منداڵانەیان پێشکەش بە دادگا کردووە. ناوبراو راشیگەیاند، چەندین جار داوامان لە وەزارەتی کاروکاوباری کۆمەڵایەتی عێراق کردووە خانەی بێ سەپەرشتیاران لە کەرکوک دروست بکرێت و بە تایبەت بۆ ئەو منداڵانەی کە تازە لەدایکبوون، بەڵام بە بیانووی بەردەست نەبوونی بودجەی پێویست ئەو کارە نەکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، چەند رێکخراوێک ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی خانەی تایبەت بە منداڵانی بێسەرپەرشت لە شارەکە دروست بکەن و وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی چاودێری بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو کارەش نەکراوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا