لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر زۆرینەی لایەنەکان،
دەنگیان بە کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان نەدا بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری
شارەکە، ئەندامێکی ئەنجومەنەکەش هۆکارەکەی ئاشکراکرا.
دلێر حسێن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە فراکسیۆنی گۆڕان بە
میدیای حیزبەکەی راگەیاندووە:" پارتی بە زۆرینە و کەمینە مامەڵە لەگەڵ
لایەنەکان دەکات، دەستپێشخەری بۆ هیچ لایەنێک نەکردووە تا دەنگی پێبدەین".
ئاشکراشیکردووە:" هەموو پۆست و بەڕێوەبەرایەتییەکان
و قایمقام و ناحیە و هەتا بەڕێوەبەرى خوێندنگەکانیش پارتى بەڕێوەیان دەبات، ئەمانە
هەمووى هۆکارن بۆ ئەوەى لایەنەکان بایکۆتى دانیشتنەکەیان کرد".
ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی
یەکگرتوو و کۆمەڵ و گۆڕان، بایکۆتیان کرد و فراکسیۆنی یەکێتیش دەنگیان بە
کاندیدەکەی پارتی نەدا.
هاوکات رێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگا
رایگەیاند:" ئێمە وەکو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێمان
خۆش بوو بەم شێوازە لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە نەبێت، بەڵکو دەنگدانی تەوافوقی
بێت، چونکە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەرکات پێویستی بە تەبایی و یەکڕیزی هەیە و زیاتر
لەم بارودۆخەی دەگوزەرێت هیچ درز و کەلێنێک دروستنەبێت".
ئەمە لە کاتێکدایە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری نوێی هەولێر
لەدوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدانەکە و سەرکەوتنی رایگەیاند:" سوپاسی ئەو
کەسانە دەکەم کە دەنگیان پێدام، هاوکات سوپاسی ئەو کەسانەش دەکەم کە دەنگیان پێنەدام، چونکە ئێمە پرۆسەیەکی
دیموکراتی بەڕێوەدەبەین.