پزیشکانی ئەمریکا هەوڵی چارەسەرکردنی منداڵێک دەدەن کە لە ساتی لەدایکبوونیەوە زمانی لە گەشەسەندندایە بە خێراییەکی چاوەڕواننەکراو.
بەگوێری ئاژانسی دەیلی مەیلی بەڕیتانی، ئەو منداڵەی توشی حاڵەتە نەخوازراوەکە بووە تەمەنی تەنها سێ ساڵە و نەخۆشیەکەی بە (نەخۆشی بێکویس وایدمان) ناسراوە کە بریتییە لە زیاد لەرادە گەشەکردنی ئەندامەکانی جەستە کە لە هەموو ١٥ هەزار منداڵێکی تازە لەدایکبوو تەنها یەک حاڵەتی هاوشێوە تۆماردەکرێت.
لە کەیسی ئەم منداڵەدا نەخۆشیەکە زمانی گرتووەتەوە، بەو مەبەستەش دایبابی منداڵەکە هەر لە تەمەنی سێ هەفتەییەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کۆرپەکەیان داوە، بەڵام بێسوود بووە نەگەیشتوون بە چارەسەرێک.
لە سەرەتادا پزیشکەکان پێیان راگەیاندن کە زمانی تەنها کەمێک توشی هەوکردنبووەتەوە، بەڵام دواتر بۆیان ئاشکرابووە کە نەخۆشیەوە دەکرێت ببێتە هۆی مەترسی لەسەر ژیانی منداڵەکە ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەگەری هەیە گەشەسەندنی زمانی ببێتە هۆی گرتنی رێچکەی هەناسەدان و لە ئەنجامدا بخنکێت.
پزیشکەکان لە هەوڵێکدا چەند سانتیمەترێکیان لە زمانی منداڵە سێ ساڵانەکە بڕیەوە ئەویش تا رێگری بکەن لە خنکانی، بەڵام بۆیان دەرکەوت کە ئەمە چارەسەر نییە چونکە بەردەوام بوو لە گەشەسەندنی، ئێستاش لە هەوڵەکانیان بەردەوامن، بەڵام نەگەیشتوون بە چارەسەرێکی یەکجاری.