پارتی دەگەڕێتەوە کەرکوک؟

کوردستان 13/02/2021

Alternate Text

ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک-گەرمیانی پارتی رایگەیاند، پارتی بڕیاریداوە لەکەرکوک بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بکات و ئامادەی بەشداریکردنن لە دروستکردنی هاوپەیمانییەتی کوردستانی.
ئەمڕۆ شەممە، ١٣ی شوباتی ٢٠٢١، عەدنان کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک-گەرمیانی پارتی بە BMC راگەیاند:"پارتی ئامادەکاری بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق لە کەرکوک دەستپێکردووە، بەڵام ئەو پرسەش لەسەر بارودۆخەکە دەمێنێتەوە، پارتی نایەوێت بەم دۆخەی ئێستا بگەڕێتەوە شارەکە".
ناوبراو راشیگەیاند:"تاوەکو ئێستا لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک تەنها گفتوگۆیان لەبارەی دروستکردنی هاوپەیمانییەتی لەهەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کردووە و نەگەیشتوونەتە بڕیاری کۆتایی، ئێمەش ئامادەی بەشداریکردنین لە دروستکردنی هاوپەیمانییەتی کوردستانی، بەڵام پێویستە لەبارەی ژمارەی کاندیدەکان رێککەوتن بکرێت، چونکە ئەگەر ژمارەی کاندیدەکان زۆربێت دەنگەکان پرش و بڵاو دەبن".
سەبارەت بە رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لەکەرکوک و گەڕانەوەیان بۆ شارەکە ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەکرد:" لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ حکومەتی عێراق بڕیاریدا سەرجەم بارەگاکانی پارتی لە کەرکوک رادەستمان بکرێنەوە، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێنەکرا و نازانین بۆچی ئەو هەموو بەرهەڵستییە بەرامبەر بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک دەکرێت، لەکاتێکدا هەموو لایەنە کوردییەکانی دیکە لە شارەکەدان".

شایەنی باسە، لەپاش رووداوەکانی ریفراندۆم و ئوکتۆبەری ٢٠١٧وە پارتی کەرکوک جێهێشت و لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە کەرکوک بەشداری لە پرۆسەکە نەکرد.

لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق کورد لەکەرکوک لە کۆی ١٢ کورسی، شەش کورسی بەدەستهێنا.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا