نوێنەرانی کورد چاوەڕوانی وەڵامی لایەنی شیعییەکانی لیژنەی دارایی دەکەن

کوردستان 13/02/2021

Alternate Text

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پرسی رادەستکردنی تەواوی دۆسیەی نەوتی هەرێم بە بەغدامان رەتکردووەتەوە و پێیانمان وتووە لەبری ئەوە هەر داوایەکی دیکە پێشکەش بکەن کە قابیلی جێبەجێکردن بێت.
ئەمڕۆ شەممە، ١٣ی شوباتی ٢٠٢١، شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە BMC راگەیاند:"تا ئێستا کۆبوونەوەکانی لیژنەی دارایی بەردەوامە و وەک ئەندامانی کورد بەو بڕگەیەی لە حکومەتەوە دیاریکراوە رازین، بە لایەنە شیعییەکانیشمان وتووە ئەگەر بەو بڕگانە رازی نین هەر پێشنیارێکی دیکە پێشکەش بکەن بە مەرجێک دەستوری بێت و ماف و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراوبێت پێێ رازی دەبین".
ناوبراو راشیگەیاند:"ئێمە وەک ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی چاوەڕوانی وەڵامی لایەنە شیعییەکان دەکەین و پێشینیش دەکەین لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ پێشکەشی پەرلەمان بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت".
شایەنی باسە، لە کۆتاییەکانی ساڵای رابردوو هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ لەسەر جێگریکردنی پشکی هەرێم بە ١٢.٦٧٪ لە کۆی گشتی بودجەی عێراق رێککەوتن، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی جیاوازی بۆچوونی نێوان حکومەتی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی چۆنییەتی رادەستکردنەوەی داهاتەکانی هەرێم بە حکومەتی فیدڕاڵ پرسەکە یەکلایی نەبووەتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا