زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سزای پێنج ساڵ زیندانی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی سنە بەسەردا سەپێنردا.
رێکخراویی هەنگاوی مافی مرۆڤ لەهەواڵێکدا پشڕاستی ئەو بابەتەی کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە:"دادگای پێداچوونەوەی سنە سزای ١٠ ساڵ بەندکردنی بۆ هەر یەک لە زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجومەنی کەلتووری و کۆمەڵایەتیی نۆژینی بۆ پێنج ساڵ بەندکردن کەم کردەوە".
راشیگەیاندووە:" دادگای پێداچوونەوەی زارا محەمەدی، لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو لە لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مستەفا تەیاری" بەڕێوە چوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڕیاری دادگا بە شێوەی فەرمی پێی ڕاگەیاندراوە".
زارا محەمەدی لە ماوەی ڕابردوودا بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران سزای ١٠ ساڵ بەندکردندا بەسەردا سەپاندبوو. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە زارا ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین بووە و دادگا ئەو ئەنجومەنەی لە هەموو تۆمەتەکان بە بێ تاوان ناساندبوو.