وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەرخەتن و بڕیارە لە کۆتایی مانگی شوبات و سەرەتای مانگی ئازار، وەجبەی یەکەمی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بگات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند:" لە چەند رۆژی رابردوودا لە عێراق ئامارەکانی کۆرۆنا بوونەتە دوو هێندە، ئەمە جێگەی نیگەرانییە، چونکە هاتوچۆی هاوڵاتیانمان بۆ ئەو شارانەی عێراق زۆرە و هاتوچۆیەکی زۆریش بۆ وڵاتانی دیکە زۆرە".
ئاشکراشیکرد:"لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵین و چاودێری بارودۆخەکە دەکەین".
سەبارەت بە گەیشتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، سامان بەرزنجی رایگەیاند:"لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق گفتوگۆمان کردووە، بڕیارە لە کۆتایی مانگی شوبات و سەرەتای مانگی ئازار کاروانێکی ڤاکسین بگات، هاوکات کونسوڵی چین لە هەرێم پێنج هەزار ژەمە ڤاکسین بۆ هەرێم تەرخاندەکات".
جەختیلەوەشکردەوە:"لە هەرێم لە هەشت سەنتەردا ڤاکسینەکە بەکاردەهێندرێت و سەرەتا بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە لە ریزەکانی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادان".