وەزارەتی دارایی ئاگادارییەکی لەبارەی مووچەی توێژێکەوە بڵاوکردەوە
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم رایگەیاند، پێویستە خانەنشینانی پلە تایبەتەکان لە ماوەی ١٠ رۆژدا فۆرمی زانیاری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانیانەوە پڕبكەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٤ی شوباتی
٢٠٢١، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم ئاگادارییەکی لەبارەی دابەشکردنی
مووچەی مانگی شوباتی خانەنشینانی پلە تایبەتەکان بڵاوکردەوە و
رایگەیاند:" بۆ ئەوەی لە كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات كێشەیان بۆ
دروست نەبێت، پێویستە فۆرمی زانیاری خانەنشینانی پلە تایبەتەکان (وەزیر،
بریکاری وەزیر، راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی) لە ماوەی ١٠ رۆژدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانیانەوە
پڕبكەنەوە".
پێشتر وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم رایگەیاندبوو کە ئیدی هەموو ٢٥ی مانگێک بە گوێرەی داهاتی بەردەستیان دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەن.
