ڕۆژ نووری شاوەیس ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بە هۆی نەخۆشی درێژخایەن لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا لە هەولێر کۆچی دوایی کرد، تەرمەکەی دەبرێتە پیرمام و لەوێ بەخاک دەسپێردرێت.
دکتۆر رۆژ نوری شاوەیس لە ساڵی ١٩٤٧ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و کۆلێژی ئەندازیاری لە زانکۆی موسڵ تەواوکردووە، لە ئەڵمانیا بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەندازیاری بەدەستهێناوە، لە بواری سیاسیدا ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢دا سەرۆکی لیستی پارتی بووە، لە کابینەی یەکەمی حکومەتدا جێگری سەرۆک وەزیران بووە، لە ساڵی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠٣ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بووە.
سەرۆک وەزیرانی کابینەی سێیەم بووە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ساڵی ٢٠٠٤یش جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە لە حکومەتەکەی ئیبراهیم جەعفەری، ساڵی ٢٠١٠ سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بووە بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق،
دکتۆر رۆژ نووری شاوەیس یەکێک بووە لەو کەسایەتییە سیاسییانەی کە رۆڵی هەبوو لە دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی عێراق و وڵاتانی دیکە و هەمیشە وەک پارتی لەگەڵ لایەنەکانی ناوخۆی هەرێم، لە زۆربەی دانوستاندنەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لەدوای ساڵی ٢٠٠٤ـەوە بەشداربووە، لە نووسینەوەی دەستووری عێراق لەکاتی ئەنجوومەنی حوکم نوێنەری مەسعود بارزانی بووه؛ لەکاتی ریفڕاندۆمەکەی هەرێمیش سەرۆکایەتیی شاندی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان.
ڕۆژ نووری شاوەیس دوایین جار لە دیداری مێریدا لە ساڵی ٢٠١٥ دەربارەی ئەو کێشە و گرفتانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە وتی: "گوناهێکی گەورەیە ئۆباڵی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بخەنە ئەستۆی هەرێمی کوردستان، چونكە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە لە بەغداوە کار بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی کورد دەکرێت، هەوڵدراوە پێگەی هەرێمی کوردستان لاوازبکرێت، بۆیە کوردستان پێویستی بە چاکسازی دارایی و کارگێڕی هەیە"
دواجار لە ڕۆژی دووشەممە ١٥ ی شوبات، دکتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشییەوە لە هەولێر کۆچی دوایی کرد و لە پیرمام تەرمەکەی بەخاک دەسپێردرێت.