نێچیرڤان بارزانی: هه‌ندێك هێزی ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى فيدراڵ، بوونه‌ته هەڕەشەیەكی بەردەوام بۆ سەر هەرێم

کوردستان 16/02/2021

Alternate Text

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، نه‌بوونى هه‌ماهه‌نگى و هەبوونی هه‌ندێك هێز و گرووپى چه‌كدارى ده‌ره‌وه‌ى فه‌رمان و ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى فيدراڵ، بوونه‌ته هۆى ئاڵۆزيى ناوچه‌كه و وایكردووە هەڕەشەیەكی بەردەوام بۆ سەر هەرێمی كوردستان هه‌بێت.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی شوبات، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی هەولێر بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

هێرشی تیرۆریستیی شەوی ڕابردوو كە بە مووشەك كرایە سەر هەولێر و بووه‌ هۆى گيانله‌ده‌ستدانى كەسێك و برينداربوونى نۆ كه‌سى دى كە ژماره‌يه‌كيان ئەمه‌ریكین، بە توندی سەركۆنە و شەرمەزار دەكەین. سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانييه‌كه‌ دەكەین و هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.
داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین مه‌ترسيى ئەو هێرشە زۆر بە جددی وەربگرن و كار بكەن بۆ ڕێگرتن لە نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی هاندانى حكوومەتی عێراقه‌وه‌ بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق و بەتایبەتی مادەی 140.
داوا لە بەڕێز سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق و فەرماندەیيی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دەكەم، بە خێرایی ميكانيزمى هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كارا بكه‌نه‌وه‌ و هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە لەگەڵ سوپا و دەزگا و هێزە عێراقييه‌كان بە بەشداريی هاوپەیمانان لەو ناوچەیە، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن و هه‌ماهه‌نگ بن.
نه‌بوونى هه‌ماهه‌نگى و هەبوونی هه‌ندێك هێز و گرووپى چه‌كدارى ده‌ره‌وه‌ى فه‌رمان و ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى فيدراڵ، بوونه‌ته هۆى ئاڵۆزيى ناوچه‌كه و وایكردووە هەڕەشەیەكی بەردەوام بۆ سەر هەرێمی كوردستان هه‌بێت. بۆيه‌ داوا له‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق ده‌كه‌م به‌په‌له‌ ليژنه‌يه‌كى هاوبه‌شى لێكۆڵينه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵ ده‌ستبه‌كار بێت و به‌ زووترين كات هێرشكاران بدۆزرێنه‌وه‌ و به‌ سزاى ياسايى بگه‌يه‌نرێن.
 
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا