وەزارەتی ناوخۆ زانیاری نوێ لەبارەی هێرشەکەی هەولێر ئاشکرادەکات

کوردستان 16/02/2021

Alternate Text

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا جۆر و شوێنی ئەو ئۆتۆمبێلەی ئاشکراکرد، کە هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی هەولێری پێ ئەنجامدرابوو.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
دوای ئەوەی کاتژمێر 9:30 ی دوێنێ شەو 2021/2/15 ، چەند مووشەکێک بەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کەوتن ، لە ئەنجامدا لە ناو فڕۆکەخانە بووە هۆی گیانی لە دەستدانی کەسێک و برینداربوونی پێنج کەسی دیکە. لە ناو شاری هەولێریش سێ کەسی تر برینداربوون.ئەمە جیا لەوەی زیانی ماددیشی بە چەندین ماڵ و شوێنی بازرگانی گەیاندووە. 
 
روونیشیکردەوە:" دوای ئەوەی دەستبەجێ دەزگاکانی دژە تیرۆر و ئاسایش و پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرد بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان، شوێنی ئەو ئوتومبێلەیان دۆزیەوە کە مووشەکەکانی لێ هاوێژراوە ، ئوتومبێلەکە جۆری (کیا)یە و لە ڕێگەی نێوان هەولێر و گوێڕ دۆزرایەوە".
 
لە راگەیاندنەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە:"ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەمان شێواز و تەکنیک کە لە هێرشی پێشووی سەر فرۆکەخانەی هەولێر بەکار هاتبوو ، لە هێرشی دوێنی شەویش دووبارە بووەتەوە . لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەس ولایەنانەی لە پشت هێرشەکەوەن و خەڵکی شاری هەولێر و هەرێمی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە، کە هەموو ئەوانەی دەستیان لەم هێرشەدا هەیە و ئەنجامدەری ئەم تاوانەن، ئاشكرا و ڕیسوا دەکرێن و بە سزای خۆیان دەگەیەنرێن".
 
وەزارەتی ناوخۆی 
حکومەتی هەرێمی کوردستان 
2021/2/16

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا