Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

پارتی: ئیدانەی کردەوە تیرۆریستییە قێزەونەکەی سەر هەرێمی کوردستان دەکەین

کوردستان

پێش 2 هەفتە

Alternate Text

پارتی دیموکراتی کوردستان، ئیدانەی هێرشە موشەکیەکەی سەر هەرێمی کوردستانی کرد و بەکردەوەیەکی تیرۆریستی قێزەون ناویبرد.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی شوبات، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە:" کەتێیدا ئیدانەی هێرشە موشەکیەکە دەکات و داوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  وهاوپەیمانان دەکات بەپەلە لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە بکەن".
دەقی راگەیەندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان...

راگەیاندراوێك لە گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە
گروپێكی سەرلێشێواوی لە یاسا دەرچوو، لەپەنای حەشدی شەعبی و بە ئیمكانات و ئیمتیازات و بەرگی ئەوانەوە، کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی شەوی رابردوو، رێكەوتی ١٥ لەسەر ١٦ـی شوباتی ٢٠٢١، بەمەبەستی تێكدانی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی پایتەختی هەرێمی كوردستان، ترسنۆكانە چەند موشەكێكیان ئاراستەی ناوشاری هەولێر كرد، كە بووە هۆی زیانی مرۆیی و ماددی و نیگەرانکردنی دانیشتوانی سڤیلی هەولێری هۆلاكۆ بەزێن.
ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، وێرای ئیدانەکردنی ئەو كردەوە تیرۆرستیە قێزەونە، داوا لە حكومەتی فیدراڵی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەروشیانەوە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا دەكەین، سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەم كردەوە دوژمنكارانە بەپەلە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەن و لایەنی بەرپرسیار بەگوێرەی یاسا بەسزای پێویست بگەیەندرێت. بەداخەوە ئەم كردەوانە بۆ چەندەمین جارە دووبارە دەبنەوە و لە ئاكامی بەسزا نەگەیاندنیان، تاقمە تێکدەرەکان جورئەتی ئەوە پەیدا دەكەن لەسەر كارە تیرۆریستیەكانیان بەردەوام بن.
شاراوەنیە و بەڕوونی دەزانین کە عەقلیەتی ئەم جۆرە تاقمە فاشیست و دوور لە هزری سەردەمیانە، چاویان بە پێشكەوتن و ئارامی و خۆش ژیانی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان هەڵنایە و، پێیان قبوڵ ناكرێ‌ پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە كوردستان هەبێت و بەدەست لەپشت دراوی وەكو ئەڵقە لە گوێ‌ ئەوەی پێیان دەگوترێ‌ جێبەجێی دەكەن!..
هەموولایەك ئاگاداردەكەینەوە کە بەردەوامیدان بەم شێوە مامەڵەكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، ئاكامی باشی نابێت و عێراق چەندە ناسەقامگیر و لە هەموو بوارەكاندا توشی ئاڵۆزی و تەنگەژە بووە، ئەم كردەوە تیرۆریستیانە زیاتر لە ناسەقامگیری و نائارامی دا نوقمی دەكەن.
سەرەڕای پشتیوانی تەواومان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و تەواوی دام و دەزگا بەرگری و ئەمنییەكان، رایدەگەیەنین کە تەواوی سەركردایەتی و كادیر و ئەندامانمان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و پایتەختی هەرێم وەك چۆن لە رابردوو شورەی پۆڵاین بووین لەمەودواش لەسەر هەمان رێباز و باوەڕ پارێزگاری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و حكومەت و دانیشتوانەكەی دەكەین.

مەحمود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
١٦ـی شوباتی ٢٠٢١

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP