دەستەی سوپاسالاری ئێران لەبارەی ئاشکراکردنی ناسنامەی
بکوژی موحسین فەخری زادە، زانا ئەتۆمییەکەی ئێران وەڵامی وەزیری ئاسایش و هەواڵگری
وڵاتەکەی دایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٦ی شوباتی ٢٠٢١، دەستەی سوپاسالاری
ئێران لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووەتەوە:"ئەو کەسەی مەحمود عەلەوی، وەزیری
ئاسایش و هەواڵگری ئێران وەک بکوژی فەخری زادە باسیلێوەکردووە، لە ساڵی ٢٠١٤ لە ریزەکانی هێزە چەکدارەکان راهێنانی دەکرد و بەهۆی کردەوەی نائەخلاقی و ئالودەبوونییەوە بە ماددە هۆشبەرەکان لە ریزەکانی هێزە چەکدارەکان دوورخرابووەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە:"بۆ ئەوەی بیانوو بە ئەمریکا
و ئیسرائیل نەدرێت، هیواخوازبووین وەزیری هەواڵگری وردتر لێدوانی لەسەر ئەو
بابەتە بدایە، بە تایبەت لە بەرنامەیەکی تەلڤزیۆنی پەخشی راستەوخۆدا".
شایەنی باسە، پێشتر مەحمود عەلەوی وەزیری ئاسایش و
هەواڵگری ئێران لە دیمانەیەکی تەلڤزیۆنیدا رایگەیاندبوو:"بکوژی سەرەکی فەخری
زادە پێشتر لە ریزەکانی هێزە چەکدارەکان دوورخرابووەوە و پێش جێبەجێکردنی پرۆسەکە
وڵاتی جێهێشتبوو".