کۆمەڵی ئیسلامی حکومەت بە کەمتەرخەمی هێرشەکە دەزانێت

کوردستان 16/02/2021

Alternate Text

کۆمەڵی ئیسلامی، لەبڵاوکراوەیەکدا حکومەتی هەرێم و دەزگا  ئەمنییەکان بە کەمتەرخەمی هێرشەکانی سەر پارێزگای هەولێر دەزانێت.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی شوبات، کۆمەڵی ئیسلامی لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە:" حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنیەکانی بە کەمتەرخەم دەزانین کە چەند کیلۆمەترێک لە ناوەندی شارەوە گروپێکی چەکدار بێن و کەتنێکی لەو جۆرە بقەومێنن".

دەقی راگەیەندراوەکەی کۆمەڵی ئیسلامی..

لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامییەوە بۆ ڕایگشتیی

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەداخەوە شەوی ڕابردوو چەند موشەکێک ئاراستەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کرا کە ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە و ترس و دڵەڕاوکێی لەناو خەڵکدا دروستکردووە .
ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان، سەرەڕای ئیدانەکردنی ئەو دەستدرێژییە خەتەرناکە بۆسەر ئارامیی خەڵک و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش هەولێر، ڕایدەگەیەنین کە ئەم ڕووداوە پێشینەیەکی خراپە و ئەرکی حکومەتی فیدراڵ و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانانە کە هەم ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی بگرن، هەم تاوانبارانی پشت ئەم هێرش و پەلامارە بۆ ڕایگشتیی ئاشکرابکەن و بە سزای یاسایی بگەیەندرێن .
ئەمڕۆ عێراق لە هەرکاتێکی دیکە پێویستی بە ئۆقرەیی و ئاسایش و ئارامییە و ناکرێت ململانێ و ناکۆکی ئەجێندا ئیقلیمی و تەراتێنی دەزگا هەواڵگرییەکان، سەلامەتی ژیان و گیانی خەڵک بکرێتە قوربانیی کە خەڵکی کوردستان دوور و نزیک پەیوەندییان بەو ململانێیانەوە نیە .
لەم ڕوەشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنیەکانی بە کەمتەرخەم دەزانین کە چەند کیلۆمەترێک لە ناوەندی شارەوە گروپێکی چەکدار بێن و کەتنێکی لەو جۆرە بقەومێنن ؟!
فراکسیۆنی کۆمەڵ
لە پەرلەمانی کوردستان
١٦ ی شوباتی ٢٠٢١
هەولێری پایتەخت

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا