نوسینگەی هەماهەنگی نێودەوڵەتی حکومەتی هەرێمی
کوردستان رایگەیاند، دەستگیرکراوانی بادینان رۆژنامەنوس نەبوون و پلانیان بۆ
تێکدانی سەقامگیری هەرێم داناوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ی شوبات:" نوسینگەی هەماهەنگی نێودەوڵەتی حکومەتی هەرێمی
کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند:" ئەو کەسانەی دادگای هەولێر سزای شەش
ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندن لە سەندیکای رۆژنامەنوسان ناویان تۆمارنەکردووە و لەرێی گروپێکی دانوستان "چات" هەوڵیان داوە سەقامگیری هەرێم تێکبدەن و
چاودێری بەرپرسانی سەربازییان کردووە".
دەقی بڵاوکراوەکەی نوسینگەی هەماهەنگی
نێودەوڵەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان...
لە وەڵامی لیژنەی پاراستنی رۆژنامەنووسان، سی پی جەی، تۆمەتباران دادگایی کراون لەسەر بنەمای یاسای سزادانی عێراقی کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کراوە.
دادگای تاوانی هەولێر بڕیاری لەسەر سزادانی پێنج داواکراودا. بڕیارەکە لە لایەن سی پی جی رەخنەی لێگیرا و داوای لە دادگا کرد، بڕیارەکان هەڵبوەشێنێتەوە و سزای سەر سزادراوان بەبێ گوێدانە بەڵگە و دانپێدانانەکان هەڵبگرێت.
بەم بۆنەوە، نووسینگەی هەماهەنگی نێودەوڵەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم راگەیەندراوە بڵاودەکاتەوە:
بەگوێرەی ماددەی 125 لە یاسای رێکارەکانی دادگا ژمارە 23 ساڵی 1971، بڕیارەکە مایەی تانە لێدانە جا لە رێگای راستەوخۆ گواستنەوەی دۆسییە لە رێگای دادوەرەوە بۆ دادگای تێهەڵچوونەوە یاخود لە رێگای تانەی خێزان یان پارێزەری سزاداراو لە ماوەی سێ رۆژ دوای بڕیارەکە. ئەو دادوەرەی بڕیارەکەی داوە، دۆسییەکەی رەوانەی دادگای تێهەڵچوونەوە کردووە کە دۆسییەکە یەکلا دەکاتەوە لە رێگای پێداچوونەوە و دڵنیابوونەوە لە بەڵگە و لێدوانی تۆمەتباران.
داواکراوان بەگوێرەی ماددەی 165 و بەگوێرەی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ساڵی 1969 کە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بە ژمارە 23 لە ساڵی 2003 پەسەندکراوە، دادگایی کراون.
بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن، تۆمەتباران لە رێگای سۆشیاڵ میدیا و گروپی دانووستان، پلانیان بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەبووە. بەڵگەکان بریتین لە گرتنی وێنەی ناوچەی قەدەغەکراوی ئەمنی و دەنگە نامە کە تێیدا باس لە هەڵگرتنی چەک دەکرێت دژی حکومەت. تۆمەتباران ئۆتۆمبێلی بێ بەڵگەیان بەکارهێناوە کە چوار مەغزەنی کڵاشینکۆڤ، تاپڕ و دووربینی سەربازیی تێدابووە.
یەکێک لە تۆمەتباران هەوڵی وەرگرتنی زانیاری لەبارەی شوێنی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سەر سنوور و تاکتیکی سەربازی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر داوە. هەروەها چاودێری چالاکییەکانی بەرپرسانی سەربازییان کردووە. ئەم زانیارییانە کە لە رێکخراوە ناحکومییەکان و هاوبەشە دەرەکییەکانیان وەریانگرتووە بڵاوکردووەتەوە. ئەم بەڵگانە ئەوە دەسەلمێنن کە ئەو کەسانە رۆژنامەنووسیان بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان بەکارهێناوە. لەگەڵ ئەوەش، تۆمەتباران لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان ناویان تۆمار نەکردووە و کاریشیان بۆ هیچ دامەزراوەیەکی میدیایی نەکردووە. تایبەتمەندی رۆژنامەنووسیان نییە، تا وەک رۆژنامەنووسێک بەرگریان لێ بکرێت.
یەکێک لە تاوانباران دانی بەوەدا ناوە، لە گروپێکی دانوستان ''چات'' دەرکراوە چونکە چالاک نەبووە و ئامادە نەبووە کارەکان ئەنجام بدات، دواتریش لە دادگا دانی بە هەڵەی خۆی بۆ چوونە ناو ئەو گروپە ناوە.
هەندێک تۆمەتکراوە بەوەی ئەم کەسانە لە ژێر فشار دانیان بە تاوانەکان ناوە، بۆ نەهێشتنی ئەم گومانە، لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و یۆنامی، مافی سەردانکردنی زیندانەکانیان هەبووە. پێشتر ئەوان رایانگەیاندبوو، ژینگە و دۆخی دەستگیرکراوان لە ئاست بنەما نێودەوڵەتییەکانە.